پێوەندیی وەرگرتنی ئەنتی بایۆتیك و تووشبوونی منداڵ بە رەبوو چییە؟

:: PM:11:57:28/07/2024 ‌

رەبوو یان هەناسەتەنگی یەكێكە لە حاڵەتە بێزاركەرەكان بۆ مرۆڤ كە كار لە ژیانی رۆژانەی دەكات، چونكە سەرەڕای وەرگرتنی چارەسەری، بەڵام پێویستە خۆیان لە هەندێك شت بپارێزن وەك بەركەوتنی تۆز و خۆڵ و لە بەهاران و هیتریش، توێژینەوەیەكی نوێ باسی بوونی پێوەندی لە نێوان تووشبوون بە رەبووی منداڵ و زۆر وەرگرتنی ئەنتی بایۆتیك دەكات.

بەپێی توێژینەوەكەی زانكۆی موناشی ئوسترالی، وەرگرتنی ئەنتی بایۆتیك لە تەمەنێكی زوو دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە رەبوو، كاتێك تیمی توێژینەوە توانیان گەردیەلەیەك جیا بكەنەوە كە بەكتریای ریخۆڵە بەرهەمی دێنێت و لە دواڕۆژ دەتوانرێت وەك چارەسەر لەسەر شێوەی تەواوكاریی خۆراك بەو منداڵانە بدرێت كە مەترسیی تووشبوونیان بە رەبوو لەسەرە، بۆ رێگرتن لە پەرەسەندنی حاڵەتەكەیان. 

تیمی توێژینەوەكە توانیان گەردیلەیەك بە ناوی "ئەی بی ئای" بدۆزنەوە كە زۆر گرنگە بۆ پاراستنێكی درێژخایەن لە دژی رەبوو، 260 ملیۆن كەس لە دنیا بەدەستییەوە دەناڵێنن و ساڵانە 455 هەزار كەس بەهۆیەوە گیان لە دەست دەدەن.

پرۆفیسۆر بن مارسیلاند، مامۆستای بەرگریزانی لە زانكۆی موناش و سەرۆكی تیمی توێژینەوەكە دەڵێت، دۆزینەوەی ئەو گەردیلەیەی لەلایەن بەكتریا زیندووەكانی ریخۆڵە بەرهەم دێت، زیادبوونی تووشبوون بە رەبوو لای ئەوانە لێك دەداتەوە كە زۆر ئەنتی بایۆتیك بەكاردێنن. 

روونی كردەوە، دەزانین زۆر بەكارهێنانی ئەنتی بایۆتیك لە قۆناغێكی زوو میكرۆبە سوودبەخشەكانی ریخۆڵە پەك دەخات و مەترسیی تووشبوون بە هەستیاری و رەبوو زیاد دەكات، بۆمان دەركەوت كە یەكێك لە ئەنجامەكانی زۆر بەكارهێنانی ئەنتی بایۆتیك كەمبوونەوەی بەكتریایە كە ئەو گەردیلە بەرهەم دێنێت، كە بەشێكی گرنگە و دەتوانێت رێگری لە تووشبوون بە رەبوو بكات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل