"هەر سەرتاشخانەیەك گوێزانی سەفەری بەكار نەهێنێت مۆڵەتی كاركردنی لێ وەردەگیرێتەوە"

:: PM:01:49:29/07/2024 ‌
بەكارهێنانی "شەفتی مووسی تەراشكردن" لە تەراشخانەكان قەدەغە كرا و وەزارەتی تەندروستی دەڵێت،  پێویستە لەبری ئەو "گوێزانی سەفەری" بەكار بهێنرێت.

بە بڕیاری وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە مەبەستی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییە گوازراوەكان، بەكارهێنانی "شەفتی مووسی تەراشكردن" لە تەراشخانەكان قەدەغە كرا.

وەزیری تەندروستی بڕیارەكەی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان كردووە، داوای لە تیمەكانی چاودێریی بەڕێوەبەرایەتییەكان كردووە، سەرتاشخانەكان پابەند بە بەكارهێنانی "گوێزانی سەفەری " لەبری "شەفتی مووسی تەراشكردن".

بەگوێرەی بڕیارەكە، پێویستە "گوێزانی سەفەری" تەنیا یەكجار بەكار بهێنرێت. هاوكات وەزیری تەندروستی لە گشتاندنەكەیدا داوای كردووە بەكارهێنانی "گوێزانی سەفەری" بكرێتە مەرجێكی سەرەكی بۆ نوێكردنەوەی مۆڵەتی تەندوستیی سەرتاشخانەكان.

هەر ئەمڕۆ كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا د. سامان بەرزنجی باسی لەوەش كرد، رێكخراوی "یو ئێن ئێف پی ئەی" سەربە ئاژانسی نەتەوە یەكگرتووەكان، سێ یەكەی كلینیكی گەڕۆكی ڕادەستی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد.

سێ یەكەی كلینیكی گەڕۆك كە ئەمبوڵانسێكی تایبەتە بەتەواوی پێداویستییە پزیشكییەكان، بۆ ئەو شوێنانەی كە ڕووداو یان كارەساتێك تێیاندا ڕوو دەدات و خزمەتگوزاریی تەندروستیان پێ ناگات، لەلایەن رێكخراوەكەوە ڕادەستی وەزارەتی تەندروستی كران. 

سامان بەرزنجی گوتی، ئەو ڕێكخراوە لە كاتی كۆرۆنا چەند جارێك پێداویستیی پزیشكیی بۆ ئێمە دابین كردووە، هەروەها نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی هەڵەبجەی نۆژەن كردووەتەوە.




وشە - سۆران عەزیز