هه‌ڵدڕینی گۆیژه به‌س نه‌بوو، ئاگریشی گرت، ئه‌و ئاگره لای چالاكان و هاووڵاتییان گومانی دروست كردووه، چونكه له ماوه‌ی رابردوودا شاخه‌كه له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كه‌وه هه‌ڵدڕا و ئێسته ده‌یه‌وێت بیكاته پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوون، ئه‌مساڵیش ئه‌وه دووه‌م جاره شاخی گۆیژه ئاگر ده‌گرێت، ئه‌گه‌رچی ساڵانه قایمقامییه‌تی سلێمانی ئاگربڕ دروست ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی شاخه‌كه ئاگر نه‌گرێت.
سوبحان ره‌شید ژینگه‌پارێز و سه‌رۆكی رێكخراوی ژینگه‌دۆست، به "وشه"ی راگه‌یاند، له رابردوودا هه‌ڵدڕینی گۆیژه خه‌ڵكی بێزار كرد، چونكه خراوه‌ته به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ت، له كاتێكدا ئه‌و شوێنه موڵكی گشتییه، ئێسته‌یش سووتانی شاخی گۆیژه‌ی هاته سه‌ر، ئه‌مه هه‌موو زیانگه‌یانده به موڵكی گشتی، ئه‌گه‌ر به مه‌به‌ست بووبێت یان بێ مه‌به‌ست، به‌ڵام له رابردوودا زۆر دار و سنه‌وبه‌ر و شوێن سووتێنراون و دواتر كراونه‌ته پڕۆژه.
ئه‌و روونی كردووه، هه‌ست ده‌كرێت ئه‌مه به‌رنامه‌ی بۆ داڕێژراوه، بۆ ئه‌وه‌ی له شاره‌كه سه‌وزایی نه‌مێنێت و داگیری بكه‌ن و به‌ناوی پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان بیكه‌ن به پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوون و شوقه و به پاره بیفرۆشنه‌وه، یان ده‌بێت لایه‌نی پێوه‌ندیدار هه‌رچی زووه ئه‌وانه بگرێت ئه‌گه‌ر سووتاندوویانه، وه‌ك ئه‌و ئاگرانه‌ی ده‌كه‌ونه‌وه و پووش ده‌سووتێنن، سلێمانی شوێنی باشی تێدا نه‌ماوه، ئێسته گرتوویانه به گۆیژه‌وه و ده‌زانن به‌رزه و بۆ پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوون باشه و پاره‌یه‌كی زۆری تێدایه، سلێمانی هیچ دیمه‌نێكی جوانی نه‌ماوه، پاكی هه‌وای سلێمانی له گۆیژه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، خه‌ریكه ئه‌وه‌ش نامێنێت، ئه‌مه جگه‌ی له‌وه‌ی زیان له سه‌وزایی و ژینگه و هه‌واش ده‌دات.
زیانگه‌یاندن به ژینگه و سروشتی سلێمانی چه‌ندان ساڵه به‌رده‌وامه
عه‌دنان ئه‌حمه‌د چالاكی مه‌ده‌نی، به "وشه"ی راگه‌یاند، زیانگه‌یاندن به ژینگه و سروشتی سلێمانی چه‌ندان ساڵه به‌رده‌وامه، ئه‌مه له داهاتوودا كاریگه‌ریی خراپی ده‌بێت، پێویسته هه‌مووان له خه‌می ئه‌وه‌دا بن ژینگه‌ی شاره‌كه بپارێزن، نه‌ك كۆمه‌ڵێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان به‌كاری بهێنن و له كوێ سوودی هه‌بوو ده‌ست بۆ ژینگه‌كه‌ی ببه‌ن به سووتاندن و هه‌ڵدڕین و داگیركردن له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی كۆمپانیاكان.
ئه‌و گوتی، خه‌ڵك گومانی ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌و سووتاندنه‌ی گۆیژه به مه‌به‌ست بووبێت، چونكه له رابردوودا هه‌مان حاڵه‌ت هه‌بووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له سووتاندنی سنه‌وبه‌ره‌كانی تاسڵووجه رووی دا و به‌هۆیه‌وه دواتر زه‌وییه‌كانی داگیر كراون و به پاره‌یه‌كی زۆر فرۆشران.
مه‌ریوان ناسر هاووڵاتی، به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌وه‌ی روو ده‌دات شتێكی خراپه، له رابردوودا ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه گۆیژه هه‌ڵنه‌دڕن و نه‌یكه‌ن به پڕۆژه، چونكه ئه‌مه شتێكی خراپ بوو، سلێمانی سیمای جوانی هه‌یه، به‌ڵام سووتاندنیشی هاته سه‌ر، ئه‌گه‌ر هه‌مووان له خه‌می پاراستنی سلێمانی بن، سلێمانی وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام خه‌ڵك ده‌زانن كه چۆن كۆمه‌ڵێك چاویان بڕیوه‌ته گۆیژه، چونكه پێشتر هه‌مان شت رووی داوه، ئێسته خه‌ڵك بڕوا ناكات ئه‌گه‌ر سووتاندنه‌كه ئاسایی بێت.
وشه/ تایبه‌ت