جیا لەوەی رێگەیەكی كاریگەر و سەركەوتووە بۆ كۆنترۆڵكردنی وەچەخستنەوە و رێگرتن لە دووگیانبوون، ئامرازێكە بۆ پاراستنی مرۆڤ لە تووشبوون بەو نەخۆشییانەی لە رێگەی سێكسەوە دەگوازرێنەوە، بە گشتی بە شێوەیەكی فرەوان بەكار دەهێنرێت، توێژینەوەیەكی نوێ دەری دەخات كە هەندێك جۆر كۆندۆم ئاستێكی زۆری مادەی كیمیایی ژەهراویان تیادایە و زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنن.
لە تاقیكردنەوەكانی كۆمپانیای " Mamavation" دەركەوتووە كە ئاستێكی بەرزی مادە كیمیاییەكانی " PFAS" یان مادە فلۆرییەكان لە كۆندۆمدا هەیە، بەوە دەناسرێنەوە لە ئاو شی نابنەوە و لە لەش كەڵەكە دەبن، ئەو مادە كیمیاییانە بۆ ئەوە بەكار دەهێنرێن كە وا بكەن بەرهەمەكە بەرگەی ئاو و گەرمی بگرێت، كەچی دەركەوت بە تێپەڕبوونی كات كێشەی مەترسیداری تەندروستی دروست دەكەن، لەوانە شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی جگەر و گورچیلە و شێوانی زگماكی.
شارەزایان باسی ئەوە دەكەن بەهۆی زۆری لوولەكانی خوێن، ناوچە هەستیارەكانی ژن و پیاو زیاتر بەو مادانە كاریگەر دەبن، دوای توێژینەوەكە، توێژەران داوایان كرد ئەو مادانە لە كۆندۆم لا ببرێن، چونكە بەهۆی بەكارهێنانیان ناوچە هەستیارەكانی لەش بڕێكی زۆری ئەو مادانەیان بەر دەكەوێت، تیریزا هاینز، توێژەر لە پەیمانگەی سیاسەتی زانستی سەوز مەترسیی پیسبوونی كیمیایی لەسەر كۆئەندامی زاوزێی مێیینە بەهۆی ئەو مادانەوە روون كردەوە.
شایەنی باسە "PFAS"، بریتییە لە ژمارەیەك مادەی كیمیایی لە چلەكانی سەتەی رابردوو لە چەندان جۆر پیشەسازی بەكاردەهێنرێت، تایبەتمەندیی بەرگریی ئاو و گەرمییان هەیە و كەڵەكەبوونیان لە لەش مەترسی تووشبوون بە جۆری جیاوازی نەخۆشی زیاد دەكات، كار لە سیستمی بەرگریی لەش دەكەن و كێشەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن دروست دەكەن.