ده‌وه‌ن نه‌وزاد: رۆڵێك ناگێڕم له‌گه‌ڵ كولتووری‌ كوردی‌ نه‌گونجێت

:: PM:02:31:31/07/2024 ‌
هونه‌رمه‌ند ده‌وه‌ن نه‌وزاد خاوه‌ن ئه‌زموونێكی زۆره‌ له‌ ناو بواری هونه‌ری، ئه‌و خه‌ڵكی‌ سلێمانییه‌ و له‌ گه‌ڕه‌كی تووی مه‌لیك له‌ ساڵی 1985 له‌ دایك بووه‌، له‌ چه‌ندان كاری هونه‌ری وه‌ك ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر كاری كردووه‌، له‌ ساڵی 2023 له‌سه‌ر ئاستی عێراق پله‌ی دووه‌می وه‌رگرتووه‌ وه‌ك ده‌رهێنه‌ر و خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنه‌ری وه‌رگرتووه‌. 

له‌م دیمانه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ "وشه‌" وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی دایه‌وه‌ و گوتی، ئێسته‌ خه‌ریكی كارێكی هونه‌ریم كه‌ كورته‌ فیلمێكه‌ بۆ فێستیڤاڵ ئاماده‌ی ده‌كه‌م.

حه‌ز ده‌كه‌یت زیاتر چۆن ده‌ربكه‌ویت وه‌ك ئه‌كته‌ر یا وه‌ك ده‌رهێنه‌رێك؟
بۆ من جیاوازیی نییه‌ چ وه‌ك ئه‌كته‌رێك ده‌ربكه‌وم یا وه‌ك ده‌رهێنه‌رێك، چونكه‌ هونه‌ر حه‌زێكی گه‌وره‌یه‌ ده‌بێت خۆشه‌ویستیت بۆ هه‌موو لایه‌نێكی هونه‌ری هه‌بێت، هونه‌ر لای من چێژێكی تایبه‌تی هه‌یه‌، به‌ڵام كاری ده‌رهێنه‌ریم پێ خۆشتره‌.

له‌ كاری هونه‌ری كام رۆڵت پێ خۆش نییه‌ و حه‌زی پێ ناكه‌یت؟
رۆڵێك ناگێڕم له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ و كولتووری ئێمه‌ نه‌گونجێت، من كوردم و ئه‌و رۆڵه‌ی قابیلی قبووڵه‌ بتوانم په‌یامێك بگه‌یه‌نم لای بینه‌ر و هاواداران، جێی ده‌ستخۆشی بێت و ئه‌و رۆڵه‌ ده‌گێڕم.
 
ئه‌كته‌رێكی باشی یا ده‌رهێنه‌رێكی باش؟
هه‌ردووكیان، چونكه‌ كاره‌كانم به‌ڵگه‌یه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنم له‌ كاره‌كانم، هه‌میشه‌ خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌رم وه‌رده‌گرت له‌ فێستیڤاڵه‌كان، ئێسته‌ش ده‌رهێنه‌رم خه‌ڵاتی ده‌رهێنه‌ریش وه‌رده‌گرم، بۆیه‌ ده‌ڵێم له‌ هه‌ردووكیان سه‌ركه‌وتووم و تا ئێسته‌ خاوه‌نی 17 خه‌ڵاتی هونه‌ریم.
 
تا چه‌ند باوه‌ڕت به‌و دێڕه‌ هه‌یه‌، هونه‌رمه‌ند و ژیانی خۆش مه‌حاڵه‌؟
هه‌موو مرۆڤێك به‌ده‌ستی خۆیه‌تی ژیانی خۆش و ناخۆش.
 
دایكێكی چۆنی بۆ منداڵه‌كانت؟
ئه‌وه‌ی من له‌ نزیكه‌وه‌ بناسێت ده‌زانێ چه‌ند میهره‌بانم و دایكێكی باشم، هیچ كات و ئیسراحه‌تم بۆ نه‌ماوه‌ له‌به‌ر هونه‌ر و دایكایه‌تی و ده‌وامی رۆژانه‌، بۆیه‌ زۆر هیلاكم، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو كار و بێ كاتییه‌ من دایكایه‌تی له‌ پێش هه‌موو شتێك داده‌نێم، چونكه‌ ده‌مه‌وێت دایكێكی باش و نموونه‌یی بم بۆ منداڵه‌كانم دایكایه‌تی ئه‌ركێكی قورسه‌، بۆیه‌ نامه‌وێت منداڵه‌كانم له‌ سۆزی دایك بێبه‌ش بن، هه‌میشه‌ ده‌مه‌وێت دایكێكی نموونه‌یی بم بۆ منداڵه‌كانم، بۆیه‌ زۆربه‌ی كاته‌كانی زیانم بۆ منداڵه‌كانم ته‌رخان كردووه‌.
 
ئاماده‌ییت هه‌یه‌ ده‌ستبه‌رداری هونه‌ری بیت؟
به‌ هیچ شێوه‌ك ده‌ستبه‌رداری هونه‌ر نابم.
 
خۆت و هاوسه‌ره‌كه‌ت هونه‌رمه‌ندن، حه‌ز ده‌كه‌یت له‌ داهاتوو منداڵه‌كانت ببن به‌ هونه‌رمه‌ند؟
منداڵه‌كانم ئازادن چ رێیه‌ك هه‌ڵده‌بژێرن بۆ داهاتوویان.
 
دوای ئه‌و هه‌موو ماندووبوونه‌ت له‌ كاری هونه‌ری، پێت وایه‌ ماندووبوونه‌كه‌ت جێی خۆی گرتووه‌؟
هه‌موو ماندووبوونێك ئه‌نجامێكی‌ ده‌بێت، تا ئێسته‌ چه‌ندان كارم كردووه‌ و لێیان په‌شیمان نیم، چونكه‌ ساڵانێكه‌ له‌ناو كاری هونه‌ریم، بۆیه‌ كارێك ناكه‌م له‌ داهاتوو لێ په‌شیمان بم، هه‌روه‌ها هونه‌ره‌كه‌م و ناوبانگم خۆشه‌ویستییه‌كی زۆر گه‌وره‌یان پێ به‌خشیوم، ئه‌وه‌ جێی دڵخۆشییه‌.

هیچ كارێكت هه‌یه‌ قبووڵت كردبێت و ته‌نیا له‌به‌ر ده‌ستكه‌وتی دارایی؟
ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ندی راسته‌قینه‌ بیت هیچ كات بیر له‌ پاره‌ ناكه‌یته‌وه‌، چونكه‌ هه‌موو كارێك ده‌بێت خه‌ون و حه‌زه‌كه‌ت له‌ پێشه‌وه‌ بێت ئینجا لایه‌نی مادی، جگه‌ له‌وه‌ی خۆم عاشقی كاری هونه‌ریم، كچی دوو هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی ئه‌م شاره‌م، بۆیه‌ هیچ كات بیرم له‌ بواره‌ مادییه‌كه‌ی نه‌كردووه‌ته‌وه‌، چه‌ندان جار وه‌ك هاوكاری به‌شداریی كاری هونه‌ریم كردووه‌.

وشه‌/  ئه‌حمه‌د تاریق 




وشە - وشه‌