كاتی قسەكردنی لەبارەی پەرەسەندن كۆتایی هات و گەیشتە قۆناغی جێبەجێكردن، لە دوای سەردانەكەی بنیامین نەتنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بۆ واشنتن، گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكرا بە بەزاندنی هێڵە سوورەكان و گۆڕینی بنەماكانی رووبەرووڕووبوونەوە و دەست پێكردنی هەڵمەتێكی رێكخراوی كوشتن، لە كوشتنی فوئاد شوكر، فەرماندەی باڵای سەربازیی حزبوڵای لبنانی لە باشووری بەیرووت و دوای ئەوە كردنەئامانجی چەند پێگەیەكی حەشدی شەعبی لە بابل و دواتر كوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران.
د. عیماد عەلو، شارەزای سەربازی و ستراتیجی دەڵێت، پرۆسە هاوكاتەكان لە كوشتنی ئیسماعیل هەنییە لە تاران و فوئاد شوكر لە بەیرووت و لێدانی بارەگەكانی حزبوڵای عێراقی لە جەرف سەخر لە بابل پەیامێكی ئیسرائیلی ئەمەریكی بوون، ئیسرائیل دەیەوێ ئەوە بڵێت كە كاردانەوەی بەرەی بەرگریكاری لە ئاستی هێرشەكانی ئەودا نین و سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیش خواستی فرەوانكردنی بازنەی شەڕ و ناچاركردنی وڵاتانی رۆژئاوای هەیە، لەوانە ئەمەریكا بۆ هاتنە ناو شەڕەكە بۆ لێدانی بەرەی بەرگریكاری لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەرچی پەیامی ئەمەریكایە، وەك عەلو دەڵێت، پێشاندانی نیازیەتی بەوەی پابەندە بە پاراستنی ئیسرائیل لە رێگەی بەشداریكردن لە لێدانی گرووپە چەكدارەكان و كردنەئامانجی بەردەوامی هێز و بارەگەكانی ئەوان، كە ناوە ناوە هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەكەنە ئامانج، ئەو شارەزایە پێشبینی كرد كە ناوچەكە بەرەو پەرەسەندن و ئاڵۆزی زیاتر دەچێت و ئەنجامەكانی دەبێتە خاڵێكی وەرچەرخان لە پرۆسەی رووبەڕووبوونەوەی هەردوولا، ئەو رووداوانە رەهەندی سیاسی لەسەر ئاستی ناوچەكە و دنیا بەخۆیانەوە دەبینن و لە رۆژان و هەفتەكانی داهاتوو هەست بەوە دەكەین.
لای خۆیەوە
موخلەد حازم دەرب، شارەزای تەناهی ئاماژە دەكات بنیامین نەتنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە دوایین سەردانی بۆ واشنتن گڵۆپی سەوزی لەلایەن لۆبی لایەنگری ئیسرائیل لە كۆنگرێس بۆ هەڵكرا، بۆیەش لە هێرشەكانی شەوی رابردوو هەموو هێڵە سوور و بنەماكانی رووبەڕووبوونەوەی ئاسایی بەزاند، ئیسرائیل بە كردنەئامانجی كەسایەتییەكی سەربازیی حزبوڵا دەستی پێ كرد، كە كێشە لە قەرەبووكردنەوەی سەركردەكانی پێشەوە و هیڵی یەكەمی حزبەكە دروست دەكات، هەرچی بۆردمانەكەی ئەمەریكایە بۆ جەرف سەخر، بەهۆی ئەوەیە ئەو میلیشیایانە رۆڵی گەورەیان لە هێرشەكانی سەر ئیسرائیل هەیە، بۆیەش بارەگەی لیوای 47ی كردە ئامانج كە جبەخانە و ژێرخانی سەربازیی ئەوانە.
دەرب سەبارەت بە كوشتنی ئیسماعیل هەنییە دەڵێت، كوشتنی سەركردەی حەماس لە تاران پەیامێكە بەوەی توانای دزەكردن و كردنەئامانجی هەر كەسایەتییەكیان لە هەر شوێنێك هەیە، ئەو جۆرە هێرشانەش پێویستییان بە سەرچاوەی زانیاری لەسەر زەوی هەیە، بۆیە كردنەئامانجی هەنیە دەبێتە سەرەتای شەڕێكی كراوە و سەرانسەری، ئەگەر ئیسرائیل دووچاری هێرشێكی گەورە هاتەوە، بەڵام ئێران ناتوانێت بەرەیەكی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بكاتەوە، چونكە كوژراوەكە كەسایەتییەكی گرنگی ئێرانی نییە و تەنیا مێوانێكی بوو، بۆیە وەڵامدانەوەكەی جۆری و لە رێگەی میلیشیاكانییەوە دەبێت، بەگشتی ناوچەكە كوڵان بەخۆیەوە دەبینێت و پێشبینی دەكرێت پلانەكە لە 7ی تشرینی یەكەمەوە دانراوە بە گۆڕینی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
د. عەلا نشووع، شارەزای تەناهیی و شرۆڤەكاری ستراتیجی ئاماژە دەكات، لێدانی جەرف سەخر وەڵامێك بوو بۆ مووشەكبارانی بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد بەر لە چەند رۆژێك، پەیامێكی ئەمەریكا بوو بۆ گرووپە چەكدارەكانی هەڕەشە لە هێزەكانی ئەمەریكا و هێزی هاوپەیمانان لە عێراق دەكەن، جیا لەوە ئەو ناوچەیە بنكەیەكی گرنگی هەڵدانی درۆنەكانە بەرەو ئیسرائیل.
روونی كردەوە، كوژرانی هەنییە لە تاران گورزێكی بەهێز بوو بۆ ئێران و ئاستی لاوازیی بەرگریی ئاسمانی ئێران و تەكنۆلۆجیای ئێرانی لە رووبەڕووبوونەوەی پێشێلكارییە ئاسمانییەكانی دەرەوە پێشان دەدات، جیا لەوە شەقێكی بەهێز بوو بۆ قەوارەی سیاسی ئێران كە زۆر لافی بە پاڵپشتیكردنی بزووتنەوەی حەماس و پاراستنی سەركردەكانی لێ دەدا، لەو هێرشەدا دەركەوت كە هەموو بەڵێنەكانی ئێران بۆ حەماس لە دژی ئیسرائیل ئەنجامی كارەساتباری لێ كەوتەوە.
شایەنی باسە دوێنێ سێشەم و بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەم ئیسرائیل و ئەمەریكا چەند گورزێكی گەورەیان لە بەناو بەرەی بەرگریكاری دا، ئیسرائیل لە دوو هێرشی ئاسمانیی ورد و گەورەدا دوو فەرماندەی بالای حزبوڵا و حەماسی كوشت، ئەوانیش ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس و فوئاد شوكر، گەورە راوێژكاری سەربازیی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لبنانی، ئەمەریكاش لە تۆڵەی هێرشەكانی سەر عەین ئەسەد، جبەخانەكانی حزبوڵای عێراقی لە جەرف سەخر لە بابل وێران كرد.