دوێنێ سێشەم ئیسرائیل لە رێگەی درۆنێكەوە تەلارێكی نزیك لە بارەگەیەكی حزبوڵای لە باشووری بەیرووت كردە ئامانج، رای گەیاند كە ئامانجی هێرشەكەی فوئاد شوكر، فەرماندەی باڵا و راوێژكاری سەربازیی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵا بووە، بۆیە توانیویەتی بیكوژێت، ئەمڕۆ دوای دداننانی حزبەكە بە كوژرانی فەرماندەكەی، هاتە راگەیاندن كە تەرمەكەی دۆزراوەتەوە.
چەند سەرچاوەیەك ئاماژەیان كرد كە ئەمڕۆ تەرمی فوئاد شوكر، ناسراو بە حاجی شاكر، كە دوێنێ بە سێ مووشەكی ئیسرائیل كراوەتە ئامانج، دۆزراوەتەوە، ماڵباتەكەی لەوە ئاگەدار كراونەتەوە، ئەوە لەوكاتەی تا ئەمڕۆش حزبوڵا رای گەیاند كە بەدوای تەرمەكەیدا دەگەڕێن.
هێرشەكەی بەیرووت كە فوئاد شوكری تیادا كوژرا، ئێوارەی دوێنێ رووی دا، بەڵام بەهۆی نەدۆزینەوەی تەرمەكەی ئیسرائیل و حزبوڵاش لە چارەنووسی دڵنیا نەبوون، بۆیە تا دەرنگانێكی شەوی رابردوو هەواڵەكان بە گومانەوە باسی كوژران یان نەكوژرانیان دەكرد، تا دوای ئەوە ئیسرائیل و حزبوڵاش دووپاتیان لە كوژرانی كردەوە.
دوێنێ سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە بەرپرسی كوژرانی منداڵەكانی گوندی مەجدەل شەمس و بكوژی ژمارەیەك هاووڵاتیی ئیسرائیلیان لە هێرشێكی ئاسمانی لە باشووری بەیرووت كردووەتە ئامانج، میدیاكانی ئیسرائیل ئاماژەیان كرد كە ئامانجە پێككراوەكە ناوی فوئاد شوكرە و سەركردەیەكی حزبوڵایە، راوێژكاری سەربازیی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لبنانییە.
میدیاكانی ئیسرائیل ئاماژەیان كرد كە فوئاد شوكر "حاجی موحسین"، ئامانجی هێرشەكەی ئێوارەی دوێنێی باشووری بەیرووت بووە، كە بەپێی سەرچاوەكان ئەو بەرپرسەی حزبوڵا راوێژكاری سەربازیی حەسەن نەسروڵایە و ئیسرائیلییەكان بە كەسی دووەمی حزبەكەی دادەنێن، پێشتر پێنج ملیۆن دۆلار وەك پاداشت بۆ هەر كەسێك دیاری كرابوو كە زانیاری لەبارەوەی بدات، ئەو رۆڵی سەرەكیی لە تەقینەوەكەی 1983ی بەیرووت هەبوو، كە 241 سەرباز و كارمەندی ئەمەریكی كوژران.