بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر بڵاوی كردەوە، تۆمەتبارێكیان گرتووە ناوى لەخۆی ناوە "عەنتەر" و فەرمانی گرتنی هەبووە و ئاوارەیەكی عەرەبی لە كانی قرژاڵە بریندار كردبوو، دوای ئەوە هەڵاتبوو بۆ مووسڵ، پاش گەڕانەوەی بۆ هەرێمی كوردستان لەلایەن پۆلیسەوە گیراوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 31ی تەمووزی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر بڵاوی كردەوە، تۆمەتبارێکیان بە ناوی (ا.خ.ج) کە ناوی لە خۆی ناوە "عەنتەر" و بە ڕەگەز عەرەبە و لەدایکبووی 1992ە گرتووە، کە فەرمانی گرتنی هەبووە و هەڵساوە بە بریندارکردنی هاووڵاتییەکی ئاوارەی عەرەب کە دانیشتووی کۆمەڵگەی کانی قرژاڵە بوو لە سنووری پارێزگای هەولێر، هەروەها هەڕەشەی لە چەندان ماڵیش کردبوو، جگە لەوەش بە چەقۆ لە دادخوازی دابوو.
پۆلیس روونی كردووەتەوە، دوای ئەنجامدانی ئەم تاوانە، تۆمەتباری ناوبراو هەڵاتبوو بۆ پارێزگای مووسڵ و لەوێ رۆژانە لە رێگای سۆشیال میدیا بە چەک خۆی نمایش دەکرد و هەڕەشەی لە خەڵک دەکرد، دوای گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان و پاش کۆکردنەوەی زانیاری، توانرا تۆمەتباری ناوبراو بگیرێت.
راگەیەنراوەكە ئاماژەیشی داوە، تۆمەتبار ددانی نا بە ئەنجامدانی ئەم تاوانە و ئامادەی پێش دادوەری لێکۆڵینەوە کرا، دادوەر بڕیاری دا بە راگرتنی تۆمەتباری ناوبراو بەپێی مادەی 405 بڕگەی 31 لە یاسای سزادان.
لە كۆتایی راگەیەنراوەكە هاتووە، تۆمەتباری ئامەژەپێکراو، کە هەڕەشەی لە زیاتر لە 15 ماڵی عەرەبی ئاوارە کردبوو، لە کۆمەڵگەی کانی قرژاڵە دوای گرتنی، سەرجەم ماڵەکان گەڕانەوە شوێنی خۆیان.