چاودێرانی سیاسی و نووسەران رای دەگەیەنن كە كۆماندۆ لەسەر پرەنسیپی پاراستنی گیانی هاوڵاتییان و دابینكردنی ئاسایش و ئارامی پەروەردە نەكراوە، بۆیە راست و چەپ بەربووەتە گیانی خەڵكی سنووری سلێمانی و دەورووبەری، بە هەموو شێوەیەك دەستی واڵا كراوە و هیچ سنوورێكی بۆ دانەنراوە.
سەبارەت بەوەی لە سنووری سلێمانیدا دەگوزەرێت، سۆران خاكی، نووسەر و چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، ئاشكرایە پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ و ناو شار و پارێزگاكان ئەركی هێزەكانی پۆلیسە، بەدەر لەوە هیچ هێزێكی تر بۆی نییە ئەم ئەركە جێبەجێ بكا و دەستورەدان بكات، بێتە ناو شار و ئاژاوە و پشێوی دروست بكات.
روونی كردەوە، ئەوەی لە سلێمانی بەدی دەكرێت هێزی پۆلیس پەراوێز خراوە و ئەركەكەی دراوەتە دەست هێزێك بە ناوی كۆماندۆوە كە لە راستیدا ئیشی ئەم نییە، بەدەر لەوەش ئەم هێزە لەسەر پاراستنی ئاسایش و ئارامی و پاراستنی گیانی هاوڵاتییان پەروەردە نەكراوە، بۆیە راست و چەپ بەربووەتە گیانی خەڵكی سنووری سلێمانی و دەورووبەری و بە هەموو شێوەیەك دەستواڵا كراوە و هیچ سنوورێكی بۆ دانەنراوە.
ئەو نووسەرە پێی وایە ئەم دۆخەی ئێستە لە سلێمانی دەگوزەرێ لە ئەنجامی بەربەرەڵایی ئەم هێزەیە كە لە هەموو پرەنسیپێكی مەدەنیەت دوورە، بۆیە ئەم دۆخە پڕ لە ئازاردانی هاوڵاتییان و سەركوتكردنیان و ئەو كوشتوبڕەی لە سنوورەكە هەیە شتێكی چاوەڕوانكراوە و ئەگەر رێگری لێ نەكرێت زیاتر تەشەنە دەستێنێت، كوشتنی دوو هاوڵاتی و ئازاردان و برینداركردنی چەندانی تر لە ماوەی چەند رۆژێكی كەم لەم سنوورە، دۆخێكی نائاسایی و نامۆیە و تەنگی بە تەواوی هاووڵاتییانی سنوورەكە هەڵچنیوە، پێویستە هەرگیز ئەم ستەمە لە هیچ هێزێك قبووڵ نەكەن.
پێوەست بەو بابەتە سەرتیپ مەحموود، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، كۆماندۆ هێزێكە داشۆراو و داماڵراوە لە هەموو مۆراڵ و پەروەردە و پرەنسیپێك، لەسەر ئازاردانی گیان و ژیان و ئاسایشی هاووڵاتییان پەروەردە كراون، هیچ هاوسۆزییەكیان بۆ خاك و خەڵك و ئاڵا و نیشتمان نییە و تەنیا میلیشیای حزب و كەسێكی دیاری كراون، كار بۆ تێكدانی دۆخەكە و رازیكردنی دڵی سەرۆكی حزبێك دەكەن.
دووپاتی كردەوە، ئەگەر یەكێتی كۆماندۆ بەهێزی خەڵك و حكوومەت و كوردستان دەزانێت، بۆچی وێنەی سەرۆكی یەكێتی لە بارەگای ئەو هێزە هەیە، ئەگەریش هێزی یەكێتییە بۆچی پارە و مووچە لە حكوومەت وەردەگرن، دەبێت ئەم وەڵامانە بە خەڵك بدرێتەوە، ئاخۆ بۆ تا ئێستە نەمانبینی لە هەولێر رۆژێك لە رۆژان دژەتیرۆرێك بێتە ناو بازار و خەڵك، مافیائاسا و سەرسەرییانە خەڵك بداتە بەر گوللە و خوێن برێژێت، یان ئەمەی لە سلێمانی دەگوزەرێت سووكایەتییە بە خەڵكی ئەو شارە و ئاسایشی سنوورەكە و هیچی تر.
جێی باسە لە ماوەی تەنیا 15 رۆژدا هێزی كۆماندۆی یەكێتی "ئاری چایچی" و مێرمنداڵێكی كوشتووە، دوو كرێكاریشی بریندار كردووە لەگەڵ رفاندنی بەڕێوەبەری پۆلیسی بازیان، تا ئێستەش بە ئاشكرا و راشكاوی فەرماندەكان و سەرۆكی یەكێتی هیچ قسە و لێدوان و روونكردنەوەیەكی پێویستیان بۆ ئەم رووداوانە نەداوە و دیار نییە بكوژ و تاوانباران چ سزایەك دەدرێن.
وشە/ تایبەت