رۆژنامەیەك: خامنەیی فەرمانی داوە راستەوخۆ هێرش بكرێتە سەر ئیسرائیل

:: PM:11:13:31/07/2024 ‌

دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەم ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران كوژرا، لەوكاتەی بۆ بەشداریكردنی لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی ئێران وەك مێوان بەشدار بووە رۆژنامەیەك دەڵێت، عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئێران فەرمانی داوە بەهۆی هێرشەكەوە راستەوخۆ هێرش بكرێتە سەر ئیسرائیل.

وەك رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، سێ بەرپرسی ئێرانی، كە دوویان لە سوپای پاسدارانن ئاماژەیان كرد كە خامنەیی لە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بەیانی ئەمڕۆ لە كاتێكی كەم لە دوای راگەیاندنی كوژرانی هەنییە، فەرمانی داوە راستەوخۆ ئیسرائیل بكرێتە ئامانج. 

بەپێی رۆژنامەكە تا ئێستە دیار نییە وەڵامدانەوەكەی ئێران تا چ ئاستێك دەبێت، ئاخۆ هێرشەكەی سنووردار دەبێت بۆ رێگرتن لە پەرەسەندنی زیاتری دۆخەكە یان نا، بەرپرسە ئێرانییەكان روونیان كردەوە كە فەرماندە سەربازییەكانی ئێران بیر لە هێرشێكی هاوبەشی مووشەك و درۆن بۆ ژمارەیەك ئامانجی سەربازیی لە دەوروبەری تەلئەبیب و حەیفا دەكەنەوە و ئەوان خۆیان لە ئامانجە مەدەنییەكان دەپارێزن.

هەر بەپێی سەرچاوەكان تاوتوێی ئەوەش كراوە هێرشەكان هاوكات و بە هاوئاهەنگی لەلایەن ئێران و لە بەرەكانی تری لە میلیشیاكانی ناوچەكەشەوە بێت لە یەمەن و سووریا و عێراق، بۆ زیادكردنی كاریگەریی هێرشەكە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل