ئاژانسیی هەواڵی "فارس نیوز" بڵاوی كردەوە كە فەرماندەیەكی سەربازیی سوپای ئێران لە هێرشێكی ئاسمانیی ئیسرائیلی لە لبنان کوژراوە.
ئەمشەو چوارشەم 31ی تەمووزی 2024، ئاژانسی هەواڵی ئێرانی "فارس نیوز" بڵاوی كردەوە، كە فەرماندە "میلاد بێدی" لە ئەنجامی بۆردمانێكی سوپای ئیسرائیلدا كە بۆ دەوروبەری بەیروت ئەنجام درابوو لە لبنان كوژراوە.
هەواڵی كوژرانی ئەم فەرماندە سەربازییەی ئێران دوای ئەوە دێت كە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل ئیسماعیل هەنییەى سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی لە تاران كوشت، كە دوێنێ بەشداری لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی ئێران كرد و مێوانی تاران بووە و لەناو خاكی ئەو وڵاتە كراوەتە ئامانج.
دوای رووداوەكە بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سێ بەرپرسی ئێرانی، كە دوویان لە سوپای پاسدارانن بڵاوی كردووەتەوە كە خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بەیانیی ئەمڕۆ لە كاتێكی كەم لە دوای راگەیاندنی كوژرانی هەنییە، فەرمانی داوە راستەوخۆ ئیسرائیل بكرێتە ئامانج.