ئەگەری زۆرە خالید مەشعەل جێی ئیسماعیل هەنییە بگرێتەوە

:: AM:08:41:01/08/2024 ‌
دوای ئەوەی بەرەبەیانیی زووی دوێنێ چوارشەم، ئیسرائیل لە ڕێی مووشەكێكی پێشكەوتوو توانی لەناو تاران، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس و یاوەرێكی بكوژێت، بە دوایدا چەند سەرچاوەیەك لەو بزووتنەوەیە ئاماژەیان داوە، ئەگەرێكی زۆر هەیە خالید مەشعەل پۆستەكەی هەنییە وەربگرێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ پێنجشەم یەكی ئاب بڵاوی كردووەتەوە، چەند سەرچاوەیەك لە بزووتنەوەی حەماس، رۆشناییان خستووەتە سەر ئەوەی ئەگەرێكی زۆرە خالید مەشعەل جێی ئیسماعیل هەنییە بگرێتەوە و بكرێتە سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی حەماس، چونكە ئێستە لەناو مەكتەبی سیاسیی ئەو بزووتنەوەیە، مەشعەل دیاترین كەسایەتییە كە ئێستە لە قەتەر دەژی.

لەلایەكی تریشەوە ئاژانسی "رۆیتەرز" بڵاوی كردووەتەوە كە بەرپرسێكی گەورەی حەماسیش هەمان بۆچوونی دووپات كردووەتەوە. لەگەڵیدا بە دووری نابینێ خەلیل حییە كە بەرپرسێكی گەورەی حەماسە و لە قەتەر نیشتەجێیە، سەرۆكایەتیی دانوستانكارانی بزووتنەوە لەگەڵ ئیسرائیل دەكات، یەكێك بێ لە شوێنگرەوەكانی هەنییە. وێڕای ئەوەیش زیاتر باس لە خالید مەشعەل دەكرێت.

خالید مەشعەل /68 ساڵ/ ساڵێك بەرلەوەی ئیسرائیل لە 1997 ویستی تیرۆری بكات و رزگاری بوو، وەك سەرۆكی ئەو بزووتنەویە دەستنیشان كرا، دواتریش چووە قەتەر و ئێستەیش وەك ناوێكی دیار لە دەرەوەی كەرتی غەزە، كار بۆ حەماس دەكات.

مەشعەل بە كەسایەتییەكی گەورە لە لووتكەی حەماس هەژمار دەكرێت، وێڕای ئەوەی ساڵانێكە زۆرە دوور لە وڵاتەكەی و لە دەرەوە خەباتی ئیسلامیی سیاسیی خۆی و بۆ بەرژەوەندیی حەماس دەكات، بۆیە بە دوور نابینرێت ئەو شوێنی ئیسماعیل هەنییە بگرێتەوە.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د