کاریگەریی ئەنسۆلین لەسەر جەستە چییە؟

:: PM:06:53:01/08/2024 ‌

گرنگیی هەستیاریی ئەنسۆلین لە چۆنییەتیی بەکارهێنان و هەڵگرتنی گلوکۆز لە لەشدا دەردەكەوێت، هەر بۆیە باشترکردنی هەستیاریی ئەنسۆلین، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ کەم دەکاتەوە.

هەستیاریی ئەنسۆلین، ئاماژەیە بۆ وەڵامدانەوەی خانەکانی لەش بۆ هۆڕمۆنی ئەنسۆلین کە یارمەتیی ڕێکخستنی ئاستی شەکری خوێن دەدات و جەستە دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر ئەنسۆلین بۆ گواستنەوەی گلوکۆز لە خوێنەوە بۆ ناو خانەکان بەکار بهێنێت، بۆ ئەوەی وزەی لێ بەرهەم بێت، بەڵام کاتێک هەستیاریی ئەنسۆلین کەم دەبێتەوە، ئەستەمە خانەکان بە شێوەیەکی کاریگەر ئەنسۆلین بەکار بهێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا و لێرەوە نەخۆشیی شەكرە دەست پێ دەكات.

هەستیاریی ئەنسۆلین چییە و چۆن کاریگەری لەسەر جەستە دەبێت؟
بەگوێرەی ماڵپەڕی "Healthline" هەستیاریی ئەنسۆلین بەهۆی کەموکوڕی لە وەڵامدانەوەی ئەنسۆلین لەناو جەستەدا ڕوو دەدات. ئەنسۆلین هۆرمۆنێکە کە لەلایەن پەنکریاسەوە دەردرێت و ڕۆڵێکی گرنگی لە ڕێکخستنی ئاستی گلوکۆز (شەکر) لە خوێندا هەیە. ئەنسۆلین یارمەتی گلوکۆز دەدات بۆ چوونە ناو خانەکانەوە، بۆ ئەوەی وەک سەرچاوەیەکی وزە بەکار بهێنرێت یان هەڵبگیرێت بۆ بەکارهێنانی لە داهاتوودا. هەستیاریی ئەنسۆلین، بەو مانایەیە کە خانەکان بە باشی وەڵامی ئەنسۆلین دەدەنەوە، ئەمەش گواستنەوەی گلوکۆز لە خوێنەوە بۆ ناو خانەکان ئاسان دەکات.

کاتێک هەستیاریی ئەنسۆلین بەرز دەبێتەوە، جەستە دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر ئەنسۆلین بۆ گواستنەوەی گلوکۆز بۆ ناو خانەکان بەکار بهێنێت، ئەمەش ئاستی شەکری خوێن لە مەودای ئاساییدا دەهێڵێتەوە. کاتێکیش هەستیاریی ئەنسۆلین کەم دەبێتەوە، ئەستەمە لەش بە شێوەیەکی کاریگەر ئەنسۆلین بەکار بهێنێت و دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی گلوکۆز لە خوێندا.

ئەنسۆلین ڕۆڵی لە كۆكردنەوەی چەوریدا هەیە، بۆیە کاتێک هەستیاریی ئەنسۆلین زۆر بێت، جەستە توانای ئەوەی هەیە باشتر كۆكردنەوەی چەوری ڕێک بخات. لە حاڵەتی بەرگریی ئەنسۆلیندا، دەبێتە هۆی هەڵگرتنی چەوریی زیاتر، بەتایبەت لە دەوروبەری ناوچەی سک، ئەمەش ئەگەری قەڵەوی زیاد دەکات.

ئەو خانانەی کە وەڵامی باشی ئەنسۆلین دەدەنەوە، ئەو گلوکۆزە بەدەست دەهێنن کە پێویستیانە بۆ دروستکردنی وزە. لەگەڵ کەمبوونەوەی هەستیاریی ئەنسۆلیندا، خانەکان توانای بەکارهێنانی گلوکۆزیان بۆ وزە کەمتر دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی هەستکردن بە ماندوێتی و شەكەتی.


وشە - عەبدوڵا عومەر