ژنێك 30 ساڵە لە ترسا نەخەوتووە.. بزانە لە چی ترساوە؟

:: PM:07:16:01/08/2024 ‌
ماڵپەڕی هەواڵیی "Oddity Central" وێنەی ژنێكی ڤێتنامی بڵاو كردەوە كە دوا جار 30 ساڵ لەمەوبەر خەوتووە و ئاماژەیشی داوە كە لە ترسی ئەوەی كارەكانی بە سەركەوتوویی لە كاتی خۆیدا تەواو نەبن، وازی لە خەوتن هێناوە. 

"نگوین نرۆك می كیم"ی تەمەن 49 ساڵ كە ژنێكی ڤێتنامییەی قسەی بۆ ماڵپەڕەكە كردووە، رای گەیاندووە نەخەوتن هیچ كێشەیەكی بۆ تەندروستی و ژیانی دروست نەكردووە، ئاماژەی بەوەیش داوە كە لە سەرەتاكانی ژیانیدا خۆی وا راهێنا درەنگانی شەو بەخەبەر بێت و نەخەوێت و خۆی بە خوێندنەوە سەرقاڵ كردووە. 

ژنەكە بەگوێرەی قسەی خۆی، تا دەگاتە تەمەنی پێگەیشتن خۆی بە خوێندنەوە سەرقاڵ كردووە شەوان و دواتریش دەستی كردووە بە كاری بەرگدرووی و تا بەیانی بۆ تەواوكردنی كارەكانی پێی رادەسپێردران لەلایەن خەڵكییەوە نەدەخەوت و كارەكانی تەواو دەكرد. 

نگوین ئەوەیشی گوتووە، شەو تا رۆژ دەبووەوە لە بەردەم ئامێری بەرگدرووییەكەم دادەنیشتم و نەدەخەوتم، دەترسام نەتوانم كارەكانی خەڵك تەواو بكەم و بەم هۆیەیشەوە كە سەرەتای ژیانم بە خوێندنەوەی شەوان بردە سەر و تەمەنی پێگەیشتنیشم بە بەرگدرووی، جەستەم وا فێر بوو كە پێویستی بە خەو نەبێت و تا ئەمڕۆیشی لەگەڵ بێت نەخەوتووم. 

بڵاو بوونەوەی هەواڵی نەخەوتنی نگوین تەواوی ڤێتنامی بەخۆیەوە سەرقاڵ كرد، ئەمەیش وای كرد كە زۆربەی دەزگا هەواڵیی و ئاژانسە هەواڵییەكانی دنیا بچن و دیمانەی لەگەڵ ساز بدەن، بۆ ئەوەی لە راست و دروستی قسەكانی دڵنیا ببنەوە و لە زاری خۆیەوە قسەكان بگەیەنن.


وشە - پۆڵا مەحموود