وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی كردەوە كە ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی ئەنجام داوە بۆ كێوماڵكردن و گەڕان و پشكنین بەدوای حەشارگە و شوێنی چەكدارانی تیرۆریستی داعش.
ئەمڕۆ پێنجشەم یەكی ئابی 2024، بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە، بە فەرمانی فەرماندەی فیرقەی دووی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، لیوای یەكی پیادە لە سنووری شارەدێی قەرەهەنجیر و گوندەکانی دەوروبەری، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە ئەنجام درا.
وەزارەتەكە روونی كردووەتەوە، ئۆپەراسیۆنەكە لە بەرەبەیانی ئەمرۆوە تا پاش نیوەرۆی خایاند، ئامانج لێی کێوماڵکردن و گەڕان و پشکنین بوو بۆ ئەو شوێنانەی، كە گومانی حەشارگە و شوێنی چەکدارانی تیرۆریستی داعشی لێ دەکرێت.
ئەم راگەیەنراوەی وەزارەت لە كاتێكدایە، دوێنی سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان كرد و لەمیانی پێشوازییەكەدا بەردەوامیدان بە شەڕى دژی داعش و بەردەوامیی كاری هاوبەش تەوەری سەرەكیی گفتوگۆكانیان بوو.