بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكی رای گەیاند كە ئەمڕۆ گەورەترین پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیل لە نێوان ئەمەریكا و رووسیا لە فڕۆكەخانەی ئەنقەرە لە توركیا بەڕێوە چوو، بە جۆرێك بە گەورەترین پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی دیل دادەنرێت لە دوای جەنگی جیهانیی دوومەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم یەكی ئابی 2024، بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی جەزیرەی قەتەری پڕۆسەی ئاڵوگۆڕیی 16 دیل لە نێوان رووسیا و ئەمەریكا بەڕێوەچوو، بە پێی هەواڵەكە كە لە زاری بەرپرسانی ئەمەریكییەوە وەری گرتووە، لە نێوان دیلەكاندا سێ ئەمەریكی و پێنج هاووڵاتی تر لە رەگەزنامەی جیاوازەوە لەلایەن رووسیاوە ئازاد كراون و دراونەتەوە بە ئەمەریكا بەرانبەر هەشت دیلی رووسی كە لەلایەن ئەمەریكاوە بە دیل گیرا بوون.
لای خۆشییەوە سەرچاوەیەكی هەواڵگریی توركی بە جەزیرەی راگەیاندووە، پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەكان لە نێوان ئەمەریكا و رووسیا لە فڕۆكەخانەی ئەنقەرەی نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتی دەزگای هەواڵگری میت بەڕێوەچووە.
بەپێی قسەی سەرچاوە ئەمەریكییەكە، ئەم رووداوەی ئەمڕۆ گەورەترین پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلە لە نێوان ئەمەریكا و رووسیا لە ماوەی جەنگی دووەمی جیهانییەوە.