فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق فەرمان بە هێزە عێراقییەكان دەكات كە لە وریایی بەردەوام و ئامادەباشیی تەواو بن لەبەرانبەر پێشهاتە پەلە و خێرا تەناهییەكان "ئەمنییەكان".
بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەم یەكی ئابی 2024، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە هاوكات فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراقە، سەردانی بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدای كردووە و كورتەیەك لە پلانە تەناهییەكانی لەلایەن دەزگا تەناهییەكانەوە بۆ باس كراوە.
بەپێی بەیاننامەكەی نووسینگەی سوودانی، لە كاتی سەردانەكەیدا بۆ بارەگاكە، سوودانی دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە پێویستە هێزە تەناهییەكان وریایی و ئامادەباشیی بەردەوامیان هەبێت بەرانبەر رووداو و پێشهاتە تەناهییە بەپەلەكانی دێنە پێشەوە، هەروەها ڕای سپاردوون كە هاوئاهەنگی تەواو لە نێوان تەواوی داودەزگا تەناهییەكانی عێراق هەبێت لە رووی هەواڵگرییەوە و بۆ ئەمەش پشت ببەستن بە تەكنەلۆجیای سەردەمییانە لە پێناو بەرقەراربوونی ئاسایش و پشتگیریی پلانەكانی حكوومەت.
سوودانی لە سەردانەكەیدا گرنگی چڕكردنەوەی توانا سەربازی و تەناهییەكانیشی بۆ ئەو ئاڵنگارییە تەناهییانەی رووبەڕووی رەوشی تەناهیی عێراق دەبنەوە بە گرنگ وەسف كردووە.
ئەم سەردانەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق و بەیاننامەی نووسینگەكەی، دوای ئەو ئاڵۆزی و پێشهاتانە دێ كە رووی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە و بەرەو دۆخێكی نادیار ناوچەكە رێچكەی گرتووە بە تایبەت دوای كوژرانی ئیسماعیل هەنییەی سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران و هێرشی چەند شەوێك لەمەوبەری هێزەكانی ئەمەریكا بۆ سەر پێگەیەكی حەشدی شەعبی لە بابل.