ئەندامێكی لیژنەی بەرگری و ئاسایش لە پەرلەمانی عێراق هۆشداری لە دووبارە دروستبوونی گرژی لە نێوان میلیشیا عێراقییەكان و هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەدات، ئەمەیش دوای بە ئامانج گرتنی هەنییە و ئەنجامدانی هێرشێكی ئاسمانی چەند شەوێك پێش ئێستە لەلایەن ئەمەریكاوە بۆ سەر بارەگاكانی حەشد لە بابل.
ئەمڕۆ پێنجشەم یەكی ئابی 2024، "یاسر وەتووت" ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی بەرگریی و ئاسایش لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بۆ ماڵپەڕێكی عێراقی رای گەیاند كە دووبارە دروستبوونەوەی گرژی لە نێوان میلیشیاكان و هێزەكانی ئەمەریكا مەترسی لەسەر عێراق و سەقامگیرییەكەی دروست دەكات و حكوومەتیش تووشی ئیحراجییەكی زۆر دەكات لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا.
ئەم پەرلەمانتارە ئەوەیشی گوت، كە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لای خۆیەوە هەوڵی هێور كردنەوە و ئارامكردنەوەی دۆخەكە دەدات بە نێوەندگیری كردن لە نێوان هێزە میلیشیاكانی عێراق و ئەمەریكا، ئاماژەیشی كرد، سوودانی لە مەترسیی دروستبوونەوەی گرژی لە نێوان ئەم دوو لایەنەدا بە تەواوی تێگەیشتووە و دەزانێت كە دۆخۆی عێراق بەرەو هەڵدێر دەبات.
قسەكانی ئەم پەرلەمانتارە دوای ئەوە دێت كە بەرەی "مقاوەمە" لە عێراق هێزەكانی خۆی لە هەر یەك لە لبنان، یەمەن و فەلەستین رێك دەخاتەوە بۆ ئەوەی وەڵامی سێ هێرشی دیاری ئەم دواییەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بدەنەوە كە بەهۆیەوە ئیسماعیل هەنییەی سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس و فوئاد شاكری فەرماندەی باڵای حزبوڵای لبنان بە ئامانج گیران، ئەمە جگە لەوەی چەند شەوێك پێش ئێستە چوار چەكداری كەتیبەكانی حزبوڵا لە عێراق بەهۆی هێرشێكی ئاسمانیی ئەمەریكییەوە كوژران.