لەبارەی قەرەبووكردنەوەی دوكاندارانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر، پارێزگاری هەولێر رای گەیاند كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بەرنامەیەكی هەیە و لەم نزیكانەدا هاوكاریی خەڵكەكە دەكرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم یەكی ئابی 2024، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێكی تایبەتدا بە "وشە"ی راگەیاند، نۆژەنكردنەوەی بازاڕی قەیسەری لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەت زۆر بەپەلە كارەكانی بەڕێوەدەچێت و بڕی پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنكردنەوەیشی خەرج دەكرێت.
لەبارەی وادەی تەواوبوونی نۆژەنكردنەوەی بازاڕەكەیشدا، پارێزگاری هەولێر بە "وشە"ی گوت، پڕۆسەكە زووتر لەماوەی دیاریكراوی خۆیدا تەواو دەكرێت و بۆ ئەم مەبەستەش دوو كۆمپانیا بە بەردەوام و بە چەند شەفتێك كار لە نۆژەنكردنەوەی بازاڕەكە دەكەن.
ئومێد خۆشناو دووپایشی لەوە كردەوە، جگە لەو كارانەی بۆ نۆژەنكردنەوەی دوكانەكان كراوە، سەرۆكی حكوومەت بەرنامەیەكی هەیە تاوەكو هاوكارییان بكرێت، ئاماژەیشی كرد كە زیانمەندانی بازاڕەكە بۆ حكوومەت و پارێزگار وەك كەسوكاری ئێمە وان و چی پێویست بێت لە خزمەتیان دەبین.
جێگەی ئاماژەیە، لە پێنجی ئایاری ئەمساڵ لەلایەن گرووپێكی دیاری كراو كە دواتر لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەرێمەوە ئاشكرا كرا سەر بە پەكەكەن، ئاگر لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر بەردرا و بەهۆیەوە زیانێكی زۆری مادی بەر كاسبكارانی بازاڕەكە كەوت.
پێشتریش حكوومەت ئەوەی راگەیاندبوو، كە دوكاندارەكانی بازاڕەكە بۆ ساڵی 2023 لە %50ی باج و بۆ ساڵی 2024یش لە تەواوی باج دەبەخشرێن، ئەمە جگە لەوەی لە كرێی خاشاك و پارەی كارەبا و لۆگۆش بەخشران، ئەمە جگە لەوەی كە ئەوانەی كرێچیی حكوومەتیشن لە بەشێكی كرێكانیان دەبەخشرێن.