مه‌سعوود پزیشكیان سه‌رۆك كۆماری ئێران له میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ نیویۆرك، له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا بۆ به‌شێك له ئێرانییهكانی نیشته‌جێی نیویۆرك هۆشداری ده‌دات له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر به وریایی نه‌جووڵێنه‌وه، ئێران دابه‌ش ده‌بێت و ده‌وڵه‌تی كوردستان و چه‌ندان ده‌وڵه‌تی تر داده‌مه‌زرێن.
ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر له ئێران شتێك روو بدات، ئه‌وا كوردستان بۆ خۆی ده‌بێته ده‌وڵه‌تێك، ئازه‌ربایجان ده‌بێته ده‌وڵه‌تێك و عه‌ره‌به‌كانی خووزستان ده‌بنه ده‌وڵه‌تێك و ئیتر كۆتایی به ئێران دێت و شتێك به ناوی ئێران نامێنێت.
پزیشكیان له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه ڤیدیۆی به‌شێكی كه‌می بڵاو كراوه‌ته‌وه، پێی وایه ئه‌گه‌ر شه‌ڕێك روو بدات، به‌و شێوه‌یه نییه یه‌كێك بێ پارێزگاری له قه‌واره‌ی سیاسیی ئێران بكات، به‌ڵكو شته‌كه پێچه‌وانه ده‌بێت و هه‌ر لایه‌نه و له ناوچه‌كه‌ی خۆی ده‌بێته هێزێك و پاشاگه‌ردانی و پشێوی ته‌واوی وڵات ده‌گرێته‌وه.
سه‌رۆك كۆماری ئێران ده‌ڵێت، "ئێمه نامانه‌وێت وڵاته‌كه‌مان تووشی پشێوی و ئاڵۆزی ببێت، ده‌مانه‌وێت یه‌كێتی و هاوسۆزی له ئێران بنیات بنێین، ئه‌وانه‌یش كه دیدێكی داخراویان بۆ پرسه‌كه هه‌یه، له‌گه‌ڵیان داده‌نیشین و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین.''
به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌ده‌ن ناسیۆنالیزم له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا په‌ره پێ بده‌ن
جێی باسه یه‌كێك له سیاسه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی و ته‌نانه‌ت ئۆپۆزسیۆنی فارسزمانیش كه شاپهرستهكان سه‌رۆكایه‌تی ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌یه به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌ده‌ن ناسیۆنالیزم له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا په‌ره پێ بده‌ن كه له‌سه‌ر بنه‌مای زاڵبوونی نه‌ته‌وه و زمانی فارس به‌سه‌ر هه‌موو نه‌ته‌وه و زمانه جیاوازه‌كانی تری ئێران دامه‌زراوه.
ئه‌وان پێیان وایه پێدانی ماف به كورد و نه‌ته‌وه‌كانی تر و ددانپێدانانیان وه‌ك نه‌ته‌وه، به واتای كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندخوازی فارس دێت و بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی فارس و ناسیۆنالیزمی ئێرانی، په‌لاماری كورد و نه‌ته‌وه‌كانی تر ده‌ده‌ن و به دابه‌شكردنی جیۆگرافیای ئێران تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن، وه‌ك نه‌ته‌وه و زمانی سه‌ربه‌خۆ ددانیان پێدا نانێن، له كاتێكدا سیاسه‌تی هیچ كام له هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی كورد و نه‌ته‌وه‌كانی تریش دابه‌شكردنی ئێران نه‌بووه.
بۆ نموونه حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ده‌خوازن سیستمێكی دیموكراتیك له ئێران دابمه‌زرێنن له چوارچێوه‌ی سیستمێكی فیدراڵی دیموكراتیك، مافه سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان دابین بكات و ئازادییه‌كانیان مسۆگه‌ر بكات، هاوشێوه‌ی وڵاتانی فیدراڵ و دیموكراتیكی رۆژئاوا خه‌ڵك له به‌ڕێوه‌بردنی وڵات رۆڵیان هه‌بێت.