رۆژی جیهانیی قاوەیە

:: AM:09:03:29/09/2024 ‌
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی قاوەیە، لە كوردستانیش چەندان جۆر قاوە هەن كە بوونەتە قاوەیەك هەموو دنیا ئارەزووی خواردنەوەی دەكەن.

قاوەی قەزوانی كوردیش چەندان جۆری هەیە، ئەوانیش بریتین لە قاوەی قەزوانی سادە، قاوەی قەزوانی بەهێل كە تایبەتمەندییەكی زۆری هەیە لە تام و بۆنی، بۆیە پێشبینی دەكەین لە داهاتوودا بچێتە ناو بڕاندە جیهانییەكانی قاوە.

بەپێی توێژینەوەكان لەسەر قاوە، چەندان سوودی جۆراوجۆری هەیە كە بەشێكیان ئەمانەن:

1- كەمكردنەوەی مەترسییەكانی نەخوشیی دڵ: لە لێكۆڵینەوەیەكی هۆڵەندی لەسەر 37 هەزار كەس بۆ ماوەی 13 ساڵ، ئەوەی دەرخست كە خواردنەوەی دوو تا چوار كووپ قاوە (بەشێوەیەكی مامناوەند)، بووەتە هۆی كەمكردنەوەی مەترسییەكانی نەخۆشی دڵ بە رێژەی 20% بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی زۆر یان كەم، یان هیچ قاوە ناخۆن.

2-مەترسییەكانی شێرپەنجە: سەرچاوەیەكی گرنگی دژە ئۆكسینەكانە كە زۆر كاریگەرن بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكانی شێرپەنجە.

3-كەمكردنەوەی مەترسییەكانی بەردی گورچیلە: لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە كە خواردنەوەی قاوەی كەم كافاین، یان بێ كافاین، دەتوانێت لە 10% دروستبوونی بەردی گورچیلە كەم بكاتەوە.

4-بەسوودە بۆ تەنگەنەفەسی و سەرئێشە: بە هۆی بوونی كافاین، قاوە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی سەرئێشە.

5-كەمكردنەوەی مەترسییەكانی نەخۆشیی جگەر: لێكۆڵینەوەیەك دەریخستووە خواردنەوەی لایەنی كەم یەك كووپ قاوە، دەبێتە هۆی كەمكرنەوەی نەخۆشییەكانی جگەر بە رێژەی 20% بەتایبەتی ئەوانەی بەهۆی خواردنەوەی مەی تووش دەبن.

6-كەمكردنەوەی مەترسیی نەخۆشیی پاركینسۆن (بێ هێزبوونی ماسولكەی لەش و گرانیی جووڵەی لەش): لێكۆڵەرەوەكان لە ئەمەریكا دەریانخستووە كە خواردنەوەی قاوە، دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی نەخۆشیی پاركینسۆن بە رێژەیەكی بەرچاو.

7-كەمكردنەوەی ئازاری ماندوویەتی: بە هۆی بوونی مادەی كافاین كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئازاری لەش و بە هێزكردنی ماسولكەكان.


وشە - رامیار جەواد