ئەمشەو سەرچاوە هەواڵییە عێراقییەكان بڵاوییان كردەوە كە دەنگی تەقینەوەیەكی بەهێز لە ناوچەی بەلەدیاتی بەغدا بیستراوە تانكەرێكی گەورەی گواستنەوەی سووتەمەنی تەقیوەتەوە، پێشتریش "وەزیر عێراقی" لە ئەكاونتە فەرمییەكەی خۆی بڵاوی كردبووەوە كە بافڵ تاڵەبانی لای یەكێك لە میلیشیاكان ئێواران لە بەلەدیات نان دەخوات و گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش بریندار بوونی تەنیا سێ كەس بەهۆی رووداوەكە رادەگەیەنێت.
ئەمشەو دووشەم 30ی ئەیلوولی 2024، ماڵپەڕی "بەغداد یەوم" بڵاوی كردەوە كە لە ئەنجامی هەڵەیەكی تەكنیكی یەكێك لە تەنكەرەكان لەناوچەی بەلەدیات لە بەغدای پایتەخت تەقیوەتەوە و بەهۆیشیەوە دەنگێكی گەورە لە ناوچەكە بیستراوە كە بووەتە هۆی ترس و دڵەراوكێی خەڵكی ناوچەكە و عەمید میقداد میری گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش لای خۆییەوە رای گەیاند هیچ راست و دروستییەك لەو هەواڵانەدا نییە كە باس لە هێرشی ئاسمانی بۆ بەغدا دەكەن، ئەوەی رووی داوە تەنیا تەقینەوەی تانكەرێك بووە لە ناوچەی بەلەدیات و ئاشكرایشی كرد سێ كەس بەهۆی رووداوەكە بە سووكی بریندار بوونە.
لای خۆشییەوە، ئەكاونتە فەرمییەكەی "وەزیر عێراقی" لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی X كە زانیاریی لەبارەی گرووپە میلیشیاكانی نزیك لە ئێران بڵاو دەكاتەوە، لەبارەی بافڵ تاڵەبانییەوە نووسیوویەتی، نیوەڕۆ لای میلیشیایەك نان دەخوات و بۆ ئێوارەیش لای میلیشیایەكی تر.
لە كورتە تویتەكەی "وەزیر عێراقی" هاتووە، بافڵ تاڵەبانی بۆ نانی نیوەڕۆ لای میلیشیایەكە لە جادرییە و نانی ئێوارەیش لای میلیشیایەكی تر لە بەلەدیات (جادریە و بەلەدیات: دوو ناوچەی بەغدان) و بۆ نانی بەیانیش لە باخی "ابو زینب لامی" نان و قشتە دەخوات.
لە وەڵامی پۆستەكەی "وەزیر عێراقی" یەكێك لە كۆمێنتەرەكان كە بەناوی "جندی مجهول"ەوە كۆمێنتی كردووە، نووسیوویەتی، بافڵ بووە بە كلكی فەرمیی میلیشیاكان.
یەكێكی تر لە وەڵامی "وەزیر عێراقی" نووسیویەتی، بافڵ بە حسابی خۆی وەك ساڵانی نەوەتەكان هاوشێوەی باوكی هەوڵ دەدات بارزانی لاواز بكات لە رووی سەربازی و سیاسییەوە و بە خەیاڵی خۆی دەیەوێ ناوچەكە كۆنترۆڵ بكات، ئەمەیش بە پشتیوانی میلیشیاكان، بەڵام ئەمیش وەك باوكی وەڵام وەردەگرێتەوە و عیبرەتێكی وەك باوكی پێ دەدرێت، ئەگەر بیەوێ بیكات و پەشیمانیش دەبێتەوە و دواتریش پەشیمانی دادی نادات.
ئەم قسانەی "وزیر العراقی" لە كاتێكدایە، هەفتەی رابردوو سوپای ئیسرائیل بە فەرمی لە پەیامێكی هەڕەشە ئامێزدا بۆ میلیشیاكان و بەرەی مقاوەمە لە عێراق رای گەیاند، جارێ زانیاری تەواوتان لەبارەوە كۆ دەكەینەوە و دواتریش وەڵامی پڕ بە پێستتان دەدەینەوە، بەمەیش مەترسیی ئەوە دەكرێت بەهۆی ئەوەی وەك "جندی مجهول"ی توویتەر باسی لێوەكردووە و بووە بە "كلكی فەرمی"، كوردستانیش بخزێنێتە ناو ئەو شەڕە دۆڕاوەی كە بەرەی مقاوەمە بەرانبەر ئیسرائیل دەیكات.