بەرەبەیانیی زووی ئەمڕۆ لە چەند لایەكەوە هێرشی ئاسمانی كرایە سەر دیمەشقی پایتەختی سووریا، تا ئێستە دروست ئەو شوێنانەی هێرشیان كراوەتە سەر كوێن، بەڵام پێی هاتوچۆی ئەمبوڵانسەكان، زیانی مرۆیی هەیە.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم یەكی تشرینی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی ئەوەی میدیاكانی سووریا بڵاویان كردووەتەوە، بەرەبەیانیی زووی ئەمڕۆ لە چەند لایەكەوە هێرشی ئاسمانی كراوەتە سەر دیمەشق، هێرشەكان ناوچەكانی فیلات و مزەی گرتووەتەوە كە كەوتوونەتە ناوەندی دیمەشق.
میدیاكان باس لەوە دەكەن كە بەهۆی هێرشەكانەوە كوژراو و بریندار هەیە، بەڵام باس لەوە ناكرێ ئەو شوێنانەی هێرشەكانی كراونەتەسەر، چییان تێدایە.
ئەو هێرشانە كە میدیاكانی سووریا بە هێرشی ئیسرائیلیی ناو دەبەن، دوای ئەوە دێ كە بەرەبەیانیی زووی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل رای گەیاند، لەگەڵ تۆپباراندا هێرشی وشكانیی دیاریكراوی كردووەتە سەر باشووری لبنان و چەند پێگەیەكی حزبوڵا ئامانجی هێرشە وشكانییەكەن.
ساڵانێكە بەهۆی هێزی میلیشیاكانی سەربە بە ئێران كە لە سووریا جێگیر بوون، بەردەوام ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان دەكاتە سەر و زیانی زۆری پێ گەیاندوون.
لە 25ی ئەم مانگە ئەیلوول، ئیسرائیل هێرشی زۆر توندی كردووەتە سەر لبنان و تا ئێستەیش بەردەوامە. ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی كوژرانی نزیكەی هەزار كەس و برینداربوونی نزیكەی سێ هەزار كەسی تر، جیا لە ئاوارەبوونی دەیان هەزار خێزانی لبنانی بەتایبەتی لە باشووری وڵاتەكە.
شەوی 27ی ئەیلوول، حەسەن نەسروڵا لە بارەگای سەركردایەتییەكەیدا لە بەیرووت كەوتە بەر هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە و خۆی و ژمارەیەك سەركردەی حزبەكەی كوژران. دوای كوژرانی نەسروڵا، ئێران هەڕەشەی كرد و ئیسرائیلیش دەڵێ ئەگەر هێرش بكرێتە سەرمان، هەموو شوێنێكی ئێران دەكەینە ئامانج.
حزبوڵای لبنان كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت، لەوەتەی جەنگی غەزە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستی پێ كردووە، وەك پاڵپشتی بۆ غەزە و دانیشتووانی، رۆژانە لە سنوورەكانی خۆی هێرش دەكاتە سەر ئیسرائیل، ئیسرائیلیش وەڵامی دەداتەوە و بەردەوامیش هێرشی دەكاتەسەر، بۆیە توانیویەتی ژمارەیەكی زۆری چەكدارەكانی حزبوڵا و سەركردەكانی بكوژێت.