قوتابییەكی دكتۆرا لە كیمیای شیكاری لە زانكۆی ستۆكهۆڵم كە خەڵكی كوردستانە، لە بارەی مەترسییەكی گەورە ئاگاداریەكی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت: رۆژانە زۆربەی خەڵك پێیان وایە ئەو ئاوەی دەیخۆنەوە و لیمۆی تێ دەكەن باشە، بەڵام بە لێكۆڵینەوە بۆم دەركەوتووە ژەهرە و نابێت كەس بیخواتەوە.
ئاوات عەلی كە پێشتر رۆژنامەنووسێكی دیار بوو، ئێستە لە سوید قوتابیی دكتۆرایە لە بەشی كیمیای شیكاری، بابەتێكی لەسەر خواردنەوەی ئاو بە لیمۆوە نووسیوە و دەڵێت: خەڵك ڕۆژانە ژەهر دەخۆنەوە بێ ئەوەی پێی بزانن.
ئاوات لە نووسینەكەیدا باسی لەوە كردووە، لە زۆر ڕیستۆرانت و جیم و مەلەوانگەكان لە هەرێمی كوردستان، تەرمۆزی شووشەی ئاوەكانیان دوو بۆ سێ كیلۆ لیمۆی بە توێكڵەوە تێ كراوە بۆ ئەوەی تامی ئاوەكە خۆش بكات، گوایە ئەمە بۆ تەندروستیی باشە، بۆیە زۆر كەس تەنیا لەو ئاوە دەخۆنەوە، بێ ئاگا لەوەی ئەو ئاوەی ئەو لیمۆیانەی تێدایە، ژەهرێكی تەواوە و هۆكارێكی سەرەكیی شێرپەنجەیە.
ئەو قوتابییەی دكتۆرا ئەوەشی گوتووە، ماوەی چوار ساڵە لە زانكۆی ستۆكهۆڵم كۆرسی (Mass Spectrometry) بە خوێندكارانی ماستەر دەڵێمەوە و ساڵانە یەكێك لە پرۆجێكتەكانمان، شیكاریی بڕی مێرووكوژەكانە (Pesticides) لە ناو مزرمەنییەكانی وەك (پرتەقاڵ و لیمۆ و لالەنگی) كە بەردەوام ڕێژەیەكی زۆر لەناو توێكڵەكانیاندا دەدۆزرێتەوە. بەكارهێنانی مێرووكوژەكان ڕێگەپێدراوە لە كشتوكاڵدا، بەپێی ئەو ڕێژانەی لەلایەن كوالێتی كۆنترۆڵی هەر وڵاتێكەوە دیاری دەكرێت، بەڵام مزرمەنییەكان زۆرینەیان لە توێكڵەكانیاندا كۆ دەبێتەوە .
نووسەر ئەوەشی نووسیوە، ئەو مادەیەی بە زۆری لە كشتوكاڵی مزرمەنییەكاندا بەكار دەهێنرێت، ناوی ئیمازەلیلە (Imazalil) كە وەك مادەیەكی شێرپەنجەیی بۆ مرۆڤ پۆلێن كراوە. ئەم مادەیە زۆر بە ئاسانی لە ئاودا دەتوێتەوە، بۆیە كاتێك ئەو بڕە زۆرە لە لیمۆ دەكرێتە ئەو تەرمۆزانەوە و بۆ ماوەی چەند سەعاتێك دەمێنێتەوە، زۆرینەی ئەو مادە شێرپەنجەییە دەچێتە ناو ئاوەكە، تۆش بێ ئاگا لەوەی لەبری ئاوێكی سازگاری بە تامی لیمۆ، ئاوێكی ژەهراوی پڕ لە مادەی شێرپەنجەیی دەخۆیتەوە.
پسپۆرەكە ئەوەشی گوتووە، چەند ساڵێك لەمەوبەر بارێكی لیمۆ لە ئیسپانیا رەت كرایەوە بەهۆی بەرزیی ڕێژەی ئەم مێرووكوژانەی تێدا، بەڵام هەمان ئەو بارە گەڕێنرایەوە و لە بازاڕەكانی هەرێم و عێراق ساغ كرایەوە، كەسیش نەبوو لێی بپرسێتەوە و بابەتەكەش لە میدیا ناوخۆیی و جیهانییەكان بڵاو كرایەوە.
لە كۆتاییدا ئاوات عەلی دەڵێت: ئەمە دڵۆپێكە لە دەریایەك، ئیتر مەپرسن بۆ ساڵانە هەزاران كەس تووشی شێرپەنجە دەبن لە هەرێمی كوردستان، چونكە خواردنی زۆر هەن كە خراپن و خەڵك نایانزانن و رۆژانەش دەخورێن.