رەنگە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە بۆ هێرشەكەی مانگی نیسانی رابردووی ئێران و وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بگەڕێینەوە، ئەوكاتیش وەك بوونی جۆرە رێككەوتنێك ئێران هێرشەكەی سنووردار بوو و وەڵامی ئیسرائیلیش بە هەمان شێوە، شەوی سێشەمی رابردوو ئێران جارێكی تر هێرشی كردە سەر ئیسرائیل، بەڵام سیناریۆكانی ئەوجارەی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل چین؟
شارەزایان ئاماژە دەكەن كە جیاوازیی نێوان دوو هێرشەكەی ئێران لەوەدایە ئەوجارە بە مووشەكی پێشكەوتووی خێراتر لە دەنگ هێرشی كرد، كە ئەوەش پێشاندانی توانای زیاتری ئێرانە لە گەیشتن بە ئامانجەكانی خێراتر و تێپەڕاندنی باشتری سیتسمی بەرگریی ئیسرائیل و توانای ئەنجامدانی وێرانكاری زیاتر، واتە پەیامێك بوو بۆ میلیشیاكانی بۆ لابردنی شەرمەزاری لەسەر خۆی بەهۆی كوژرانی هەنییە و نەسرولا و نیلفروشیان و پەیامێكیش بۆ ئیسرائیل و ئەمەریكا بەوەی مووشەكی پێشكەوتووی هەیە و دەتوانی زۆر زیاتر بكات.
جیا لە هەڕەشە راستەوخۆكانی ئێران بەوەی وەڵامی توندتری بۆ ئیسرائیل دەبێت، ئەو ژێر بە ژێر هەڕەشەی تری هەیە، بەوەی هەنگاوەكانی لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی خێراتر دەكات و گوشاری راستەوخۆ دەخاتە سەر گەرووی هورمز و رێڕەوی نەوتیش لە رێگەی حوسییەكان و لە رێگەی میلیشیاكانی لە عێراقیش هێرش دەكاتە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا، هاوكات هەر هەڕەشەكانی بە خێراكردنی هەنگاوەكانی لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی وا دەكەن ئیسرائیل و ئەمەریكا هەوڵی وەشاندنی گورزێكی پێشوەختە لە دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەكییە پێشكەوتووەكانی بدەن.
مۆفەق حەرب، شرۆڤەكار دەڵێت، وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ ئێران دوا ناكەوێت، تەلئەبیب تەنیا هەوڵی ئەوە نادات لە وەڵامدانەوەكەی بەرپەرچی ئێران بداتەوە و رێگری لێ بكات لە داهاتوو هێرشی بكاتەوە سەر، بەڵكو دەیەوێ پەیامێك بە میلیشیاكانیشی بدات، ئەگەرچی هەردوو وڵات نایانەوێ بچنە ناو شەڕێكی راستەوخۆ، بەڵام یەكێك لە سیناریۆكانی مایەی نیگەرانییە، ئیسرائیل هێرش بكاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، چونكە بە هەڕشە لەسەر بوونی خۆی دەزانێت، پێشتریش هەڕەشەی ئەوەی كردووە ئەگەر ئێران لە بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی نزیك ببێتەوە دەیكاتە ئامانج.
ئەو شارەزایە پێی وایە هێشتا زووە باسی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بكرێت، چونكە رەنگە ئیسرائیل ئەو هێزە سەربازییەی نەبێت و دامەزراوە ئەتۆمییەكانیش لە چەند ناوچەیەكی جیاوازی ئێران بن، بۆ ئەوەش پێویستی بە هاوكاریی ئەمەریكایە بۆ پاراستنی لە كاردانەوەی ئێران، رەنگە ئەمەریكاش بەوە رازی نەبێت و نایەوێت دۆخەكە بكاتە شەڕی فرەوان، بەتایبەتی لەگەڵ نزیكیی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا، بەڵام ئەگەر ئیسرائیل سوور بێت، ئەگەری هەیە ئەمەریكا پشتگیری بكات، ئەگەرە زیاتر چاوەڕوانكراوەكەش ئەوەیە ئیسرائیل كارگەی مووشەكەكانی ئێران بكاتە ئامانج.
بەرپرسانی ئەمەریكا دەڵێن، ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكات هەوڵ دەدات وەڵامی ئیسرائیل بۆ ئێران سنووردار بێت لە بری رێگرتن لە ئەنجامدانی، رۆژنامەی "پۆلیتیكۆ" لە ژمارەیەك بەرپرسی ئەمەریكای گواستەوە كە وڵاتەكەیان هەوڵی چڕ لەگەڵ ئیسرائیل دەدات لەبارەی شێوەی وەڵامدانەوەی ئێران، بادین و گەورە بەرپرسانی ئیدارەكەی هانی ئیسرائیل دەدەن بۆ خۆپاراستن لە هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی تاران، لە بری ئەوە بژارەی تر هەن لەوانە كردنەئامانجی میلیشیاكان یان سوپای پاسداران لە یەمەن و سووریا.
لەو كاتەی دوێنێ جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە پاڵپشتی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران ناكات، بەرپرسانی ئەمەریكا دەڵێن، بایدن هەوڵی سنوورداركردنی وەڵامدانەوەی نزیكی ئیسرائیل بۆ ئێران دەدات، لەوكاتەی رەنگە ئیسرائیل چەند ئامانجێكی گرنگی ئێران بكاتە ئامانج، وەك تۆڕی وزە و ژێرخانی نەوتی ئەو وڵاتە، ئەگەرچی ئەمەریكییەكان پێشنیازیان بۆ ئیسرائیل كردووە بە هاوشێوەی بۆردمانەكەی ئێران دامەزراوە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە بكاتە ئامانج، كە رەنگە رێگری لە پەرەسەندنی زیاتری دۆخەكە بكات.
بەرپرسانی ئەمەریكا پێیان وایە هێرشە سنووردارەكەی ئێران كە هیچ زیانێكی گەورەی گیانی و مایەكیی لێ نەكەوتەوە، وای كردووە گەشبین بن لە رازیكردنی ئیسرائیل بە سنوورداریی وەڵامدانەوەكەی، بەڵام هێشتا ترسیان لەوە هەیە هێرشێكی گەورەی ئیسرائیل ببێتە هۆی پەرەسەندنی دۆخەكە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئەگەرێكی دوورە ئیسرائیل دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران بكاتە ئامانج.
ئەحمەد خالیدی، شارەزای بواری ناوچەكە دەڵێت، ئیسرائیل خواستێكی گەورەی بۆ فرەوانكردنی بازنەی شەڕ بەرەو ئێران هەیە، چونكە تا ئێستە هەموو بنەما سەربازی و هێڵە سوورەكانی شكاندووە، بۆیە دوور نییە ئیسرائیل گورزێكی سەربازی لە بەرنامەی ئەتۆمیی تاران بوەشێنێت، بەڵام بەر لەو هەنگاوە پێویستە ئیسرائیل چەند هۆكارێك فەراهەم بكات، لەوانە بوونی پاساوێكی بەهێز، لەوانە هێرشی راستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل یان كردنەئامانجی راستەوخۆی بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل.
روونی كردەوە، دووەم پێویستیی بە هاوئاهەنگیی پێشوەختە لەگەڵ ئەمەریكا هەیە، چونكە بێ گڵۆپی سەوزی ئەمەریكا ئیسرائیل ناتوانێت ئەو كارە بكات و كاریگەریی گەورە و مەترسیداری سەربازی و تەناهی و ژینگەیی لەسەر ناوچەكە هەیە، سێیەم ئامادەیی نێودەوڵەتییە بۆ هەنگاوێكی وا، كە ئەوەش هەر پێویستی بە راوێژكاری و هاریكاریی ئەمەریكا و ئیسرائیل هەیە.