یه‌كێتی پاره‌یه‌كی زۆر بۆ دڕاندنی پۆسته‌ری كاندیدانی پارتی خه‌رج ده‌كات

:: AM:10:43:05/10/2024 ‌
به ‌بڕیاری راسته‌وخۆی بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، بڕیاری لێكردنه‌وه‌ و سه‌رقرتاندنی پۆسته‌ری كاندیدانی پارتی له‌ زۆنی سه‌وز درا، ئه‌وه‌یش پێچه‌وانه‌ی یاساكانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه.

به‌پێی زانیارییه‌كانی به‌رده‌ستی ''وشه''‌، له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان بافڵ و ده‌زگای زانیاری و دژه ‌تیرۆر، بڕیار درا له‌گه‌ڵ زیاتر توندبوونه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، شه‌واانه‌ ده‌ست بكرێت به ‌لێكردنه‌وه‌ و دڕاندن و سه‌رقرتاندنی پۆسته‌ره‌كانی كاندیدانی پارتی له‌ سنووری زۆنی سه‌وز.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، ده‌توانرێت له‌و كاته‌ی شه‌وانه‌ قافڵه‌ی ئۆتۆمبێله‌كانی به‌ناو لایه‌نگرانی یه‌كێتی كه‌ زیاتر چه‌كدارانی هێزه‌كانی كۆماندۆ و دژه‌تیرۆر و ئاسایشن، به‌ده‌م رێگه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌ن.

ئه‌رسه‌لان عه‌لی یه‌كێك له‌و گه‌نجانه‌ی سلێمانییه‌ و به‌ ''وشه''‌ی راگه‌یاند ئه‌و بڕیاره‌ ئێسته‌ گشتاندنی بۆ مه‌ڵبه‌نده‌كان و له‌وێشه‌وه‌ بۆ كۆمیته‌كان پێ كراوه‌، هه‌ر كه‌سێك بتوانێت شه‌وی زیاد له ‌چه‌ند پۆسته‌رێك بدڕێنێت، پاره‌ی به‌نزینی له‌ ژێر ناوی هاوكاری دارایی بۆ خه‌رج ده‌كرێته‌وه‌.

ئه‌و گوتیشی، "له‌م شه‌وانه‌دا هاوڕێیه‌كم پێوه‌ندیی پێوه ‌كردم و باسی له‌وه ‌كرد ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت هه‌یه‌، وه‌ره‌ پێكه‌وه‌ ده‌چینه‌ به‌رده‌م مه‌ڵبه‌ند و له‌وێوه‌ ده‌ست به‌شێواندن و دڕاندن و سه‌رقرتاندنی سه‌ری كاندیدانی ناو پۆسته‌ره‌كانی پارتی ده‌كه‌ین".

روونیشی كرده‌وه‌، پرسیاری كرد ئه‌وه‌ چییه،‌ ئه‌و كاره‌ پێچه‌وانه‌ی رێنوێنییه‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌، به‌ڵام به‌پێكه‌نینه‌وه‌ پێیان گوتووه‌ وه‌ره‌ 25 هه‌زار دینار وه‌ربگره‌ و كاره‌كه‌ ئاسانه‌.

یه‌كه‌م كاندیدی پارتییه‌ كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ چه‌ندان پۆسته‌ری لێ كراوه‌ته‌وه
هۆزار تۆفیق كاندیدی ژماره‌ 63ی لیستی 190ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ بازنه‌ی سلێمانی، یه‌كه‌م كاندیدی پارتییه‌ كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ چه‌ندان پۆسته‌ری لێ كراوه‌ته‌وه‌ و به ‌ئۆتۆمبێل به‌سه‌ریدا رۆیشتوون. وه‌ك خۆی به‌ ''وشه‌''ی راگه‌یاند، له ‌لقی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، سكاڵای یاسایی تۆمار كردووه‌.

باسی له‌وه‌ش كرد، زۆربه‌ی ئه‌و ناوه‌ڕاستی شه‌قام و شوێنانه‌ی پۆسته‌ر و لافیته‌كانی لێ هه‌ڵواسیوه‌، كامێرای چاودێریی ئاسایشی لێیه‌ و ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت بكه‌ره‌كان به ‌ئاشكرا ده‌ناسرێنه‌وه‌، به‌ڵام وای نابینێت ئه‌و كاره‌ بكه‌ن.

ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ بانگه‌شه‌ی خولی شه‌شه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ستی پێ كردووه‌ و به‌ به‌راورد به‌پۆسته‌ره‌كانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تر،  هه‌ڵمه‌تێكی فراوانی لێكردنه‌وه‌ و سه‌رقرتاندنی كاندیدانی پارتی له ‌سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و شار و شارۆكه‌ و ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی ده‌ستی پێ كردووه‌ و به‌رده‌وامه‌.

وشه‌\ تایبه‌ت



وشە - تایبه‌ت