ئەو میراتەی گیاندارە ماڵییەكان لە هەندێك وڵات بۆیان دەمێنێتەوە ملیۆنان دۆلارە

:: AM:08:55:06/10/2024 ‌
بەپێی ئەو راپۆرتەی رۆژنامەیەكی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە، ژمارەیەكی زۆر لە گیاندارە ماڵییەكان لە ئەمەریكا، خاوەنەكانیان ئەگەر دەوڵەمەند بن بەرلەوەی كۆچی دوایی بكەن، بەشێك لە میراتەكانیان بۆ گیاندارەكانیان جێدێڵن، بەتایبەتی ئەوانەی منداڵیان نییە.

پێگەی "شەفەق نیوز" كە هەواڵەكەی لە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكی وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، لەو وڵاتە ئەو گیاندارە ماڵییانەی خاوەنی ملیۆنان دۆلارن، وەك ژمارە كەم نین، بەتایبەتی سەگ و پشیلە كە ئەوانەی دەوڵەمەندن و هاوكات منداڵیان نییە، نزیكترین هاوڕێیان گیاندارە ماڵییەكانن كە لە ماڵەكەیاندا بەخێویان دەكەن. بۆیە بەشێك لە سەروەتەكەیان بۆ ئەوان جێدێڵن.

راپۆرتە ئەمەریكییەكە ئاماژە بەوە دەدات، تەنیا ئەوانە نین كە منداڵیان نییە و بەرلە كۆچكردنیان، بەشێك لە میرات بۆ گیاندارە ماڵییەكانیان جێدێڵن، بەڵكو ئەوانەیش كەم نین كە منداڵیشیان هەیە و خۆشەویستی بۆ گیاندارەكانیان، وا دەكات بەشێك لە میراتەكانیان بۆ جێبهێڵن.

راپۆرتەكە نموونەی بە كەسێكی دەوڵەمەند بەناوی جێڵ پۆسنەر هێناوەتەوە كە بەرلە مردنی، سێ ملیۆن دۆلاری بۆ هەرسێ سەگەكەی لە سندووقی دڵنیایی داناوە، بۆ ئەوەی لە دوای مردنی سەگەكان پارەكەیان هەبێ پێی بژین. ئەو منداڵی نییە و نزیكترین هاوڕێی سەگەكانین.

ئاماژە بەوەش دراوە كە زۆربەی ئەوانەی لە ئەمەریكا خاوەنی گیانداری ماڵین، بە جۆرێك هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەو گیاندارانە دەكەن، وەك ئەوەی ئەندامێكی خێزانەكە بن.

دەزگای "بیو" بۆ لێكۆڵینەوە، لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ لە راپۆرتێكدا رای گەیاندووە، 20%ی ئەمەریكاییەكان كە تەمەنیان 50 ساڵی تێپەڕاندووە، منداڵیان نییە و بۆ ئەوەی لە ماڵەكانیان هەست بە تەنیایی نەكەن، زۆربەیان گیانداری ماڵی بەخێو دەكەن بەتایبەتی سەگ و پشیلە. ئەوەیش تەنیا لە ئەمەریكا نییە، بەڵكو لە زۆربەی وڵاتە ئەوروپییەكان، هاووڵاتییانیان بایەخی زۆر بە بەخێوكردنی گیانداری ماڵی دەدەن.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د