قائانی بە سەختی پێكراوە

:: AM:09:28:06/10/2024 ‌
ڕۆژنامەیەكی كوێتی ئاشكرای دەكات، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای پاسداران لە هێرشەكەی دەوروبەری باشووری بەیرووتدا، بریندار بووە و شان و سینگ ‌و قاچی پێكراوە.

ئەمڕۆ یەكشەم شەشی تشرینی یەكەم، ڕۆژنامەی (الجریدە)ی كوێتی لە زاری سەرچاوەیەك لە فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانەوە ئاشكرای كردووە، هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت زیانی بە قائانی گەیاندووە.

باسی لەوەش كردووە، ئیسماعیل قائانی لە بۆردمانەكەی دەوروبەری باشووری بەیرووت كە هاشم سەفیەدین دیارترین جێگرەوەكانی حەسەن نەسروڵای كردووەتە ئامانج، بریندار بووە و شان ‌و سینگ ‌و قاچی پێكراون.

ئاماژەی بەوەش كردوە، قائانی كە بۆ چارەسەركردن ڕەوانەی تاران كراوەتەوە، پێش ئەوەی بچێتە ناو ئەو بارەگایەی كە بە 73 تۆن بۆمبی هەڵتەكاندنی حەشارگە قووڵەكان هێرشی كراوەتەسەر، بریندار بووە.

روون كراوەتەوە، بڕیار بوو لەو شوێنە كۆبوونەوەیەك بكرێت و قائانیش ئامادە بێت، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی چۆنیەتیی بەخاكسپاردنی تەرمی حەسەن نەسروڵا و دانانی هەندێك سەركردەی نوێ‌، بەدەستبەكاربوونی سەفیەدینیش وەك جێگرەوەی نەسروڵا، بەڵام بەهۆی بۆردمانەكە نەگەیشتە شوێنی كۆبوونەوەكە.




وشە - رامیار جەواد