سلێمانی پڕ بووە لە وێنەی شەهید هاوكار جاف

:: AM:10:26:06/10/2024 ‌
درەنگانی شەوی رابردوو لە ‌شاری سلێمانی، دەیان وێنەی هاوكار جاف ئەو ئەفسەرەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كە لەلایەن دژەتیرۆری یەكێتی و بە فەرمانی كەسانی ناو یەكێتی تیرۆر كرا، هەڵواسرا.

درەنگانی شەو هاوڕێكانی شەهید هاوكار جاف، شەقامەكانی سلێمانییان پڕ كردووە لە وێنەی شەهید هاوكار جاف و لە بەشێكی زۆری ستوونەكانی سەر رێگەی دەباشان، وێنەی ئەو شەهیدە هەڵواسراوە. 

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سەرانی یەكێتی بە زانینی بڵاوبوونەوەی ئەو وێنانە، تووشی شۆك بوونە و هەڵمەتێكیان دەست پێ‌ كردووە بۆ لێكردنەوەی وێنەكان.

"وشە" زانیویەتی، پاش ئەوەی هێزە تەناهییەكانی یەكێتی پێیان زانیوە، هەڵمەتێكیان كردووە و وێنەكانیان لێ كردووەتەوە.

رۆژی حەوتی تشرینی یەكەمی 2022 لە شاری هەولێر و لە كردەوەیەكی تیرۆریستیدا، هاوكار جاف شەهید كرا و هاوكات هاوسەر و دوو منداڵی و خوشكێكیشی لەگەڵیدا بریندار بوون، دواتر بكوژەكان ناسرانەوە و لە سلێمانی داڵدە دراون و ئێستە فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە.

لە نیوەڕۆی هەینی حەوتی تشرینی یەكەمی 2022، لە كردەوەیەكی تیرۆریستیدا وەهاب هەڵەبجەیی و دارودەستەكەی، لە شاری هەولێر دوای بۆمبڕێژكردنی ئۆتۆمبێلەكەی و تەقاندنەوەی، ئەفسەری باڵای دژەتیرۆر هاوكار جاف شەهید بوو.

بەپێی ددانپێدانی چەند تاوانبارێكی كردەوەكە، دەركەوت وەهاب هەڵەبجەیی بەرپرسی دژەتیرۆری سلێمانی و كارزان محەمەد رەشید بەرپرسی هەواڵگریی دژەتیرۆری سلێمانی، بڕیاردەرانی ئەو كردەوە تیرۆریستییە بوون، لەگەڵ هەریەك لە لوئەی محەمەد رەزا فەرماندەی فەوجی دژەتیرۆری گەرمیان، عاسی رەشید حوسێن كارمەندی دژەتیرۆر لە سلێمانی، دڵشاد زیاد ئەحمەد ئەفسەری دژەتیرۆر لە سلێمانی، وریا خالید عەلی كارمەندی دژەتیرۆر لە سلێمانی.

سەید بەرزنجی پارێزەری كەیسی تیرۆری عەقید هاوكار جاف، پێشتر لە روونكردنەوەیەكدا دووپاتی لە لێكۆڵینەوەكانی ئەنجوومەنی ئاسایش كردبووەوە و داوای كردبوو، تۆمەتبارانی سەرەكیی رووداوەكە لە سلێمانین و بگیرێن.

لەو رۆژەوە تا ئێستە بكەر و تۆمەتبارانی سەرەكیی تیرۆركردنی عەقید هاوكار جاف لەلایەن سەرانی یەكێتی داڵدە دراون، بەڵام گوشارەكان ئێستە هێندە زۆرن لەسەر یەكێتی، سلێمانی بۆ ئەو تیرۆریستانە بووەتە گرتووخانە و ناتوانن بچنە هیچ وڵات و شارێكی تر.



وشە - رامیار جەواد