پەرلەمانتارێكی پێشوو: یەكێتی هیچی بە دەستەوە نییە ئەمە حزب نییە و دوكانی سیاسییە

:: PM:08:49:06/10/2024 ‌

پارێزگای سلێمانی هەمیشە گرنگی پێ دراوە و بە تایبەتی كاری بۆ كراوە، لە هەموو ناوچەكانی تر زیاتر لە پێشینەی كارەكانی حكوومەت بووە، بەڵام ئەو رێگرییانەی لە لایەن حزبی دەسەڵاتدار لەوێ دروست كران، وایان كرد حكوومەت نەتوانێت وەك پێویست خزمەتی سنوورەكە بكات، وەك ئەوەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم ئاماژەی پێ دا.

 بە شایەتی هەمووان شێوازێكی خراپی سیاسەت لە سلێمانی جێبەجێ دەكرێت كە بووەتە كێشە بۆ سلێمانی و خەڵكەكەی، ئەمە بە روونی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو كاری بۆ كراوە و هەوڵیش دراوە حكوومەت لە سنوورەكە دەسەڵاتی نەبێت، كاتێك حزب رێگری لە حكوومەت بكات، كەواتە دەستی خزمەتگوزاری حكوومەت چۆن بە هاووڵاتییان بگات؟

لەوبارەوە ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، سلێمانی لە دۆخێكی چەقبەستوویی ماوەتەوە و بە دڵنیاییەوە ئەگەر رێگری نەبوایە ئێستە زۆر كار و پڕۆژەی گرنگ و بۆ سنوورەكە ئەنجام درابوون، لە ماوەی رابردوو بەهۆی ئەو دۆخەی یەكێتی لە پێناو بەرژەوەندییەكانی خۆی لە سلێمانی دروستی كردبوو، كە كێشەی بۆ حكوومەت و كار و پڕۆژە و پلانەكانی دروست دەكرد، كەچی حكوومەت بڕیاری جێبەجێكردنی پڕۆژەی دەدا، لە بانكەكانی سلێمانی پارە بۆ پڕۆژەكان خەرج نەدەكرا، حكوومەت پارەی بۆ مووچەی فەرمانبەران دەنارد، لە سلێمانی بە بیانووی كەمبوونەوەی داهات مووچە دابەش نەدەكرا، چونكە پارە لە بانكەكان نەبوو، هاوكات داهاتی پارێزگەكە بۆ خەزێنەی حكوومەت نەدەگەڕێندرایەوە.

ئەوەیشی گوت، هەمووان دەزانن حكوومەت و خودی سەرۆكی حكوومەت ئامانجیان ئەوە بووە زۆرترین خزمەتی هاووڵاتییان و ناوچەكان بكرێت، گرنگی بە هەموو ناوچەكان بدرێت و پڕۆژەیان بۆ جێبەجێ بكرێت و ئاوەدانی و خزمەتگوزاری بۆ هەموو شارەكان بكاتە پێشینەی كارەكانی، بۆیە ئێستە یەكێتی هیچی بە دەستەوە نییە جگە لە هێرش و دژایەتیی حكوومەت نەبێت، ئەگینا حزبێك خۆی بە گەورە بزانێت و كارێكی نەكردبێت، ئەمە حزب نییە و دوكانی سیاسییە.

ئەو ئەندامەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان روونی كردەوە، دەیان ساڵە یەكێتی لەسەر سلێمانی خەریكی تەراتێن و قاچاخی و دەوڵەمەندكردنی كۆمپانیاكان و بەرپرسە حزبییەكانە، ئەوەی لە بەرژەوەندیی حزبە و بۆ حزب باشە دەیكەن، خەڵكەكەش چاویان لە دوو پڕۆژەی خزمەتگوزارییە نایكەن، یەكێتی سنورەكەی خستووەتە خزمەتی خۆی و ئێستە سلێمانی لەوپەڕی خراپیدایە، بۆیە ئەگەر حكوومەت دەسەڵاتی بەسەردا نەبێت و نەگەڕێتەوە ژێر فەرمان و بڕیارەكانی حكوومەت، خەڵكەكەی بە تەواوی دەبنە قوربانی حزب، لەوكاتەی دەبێت حزب خزمەت بكات.

لای خۆیەوە ناسر ئیسماعیل، شارەزای ئابووری بە "وشە"ی گوت، هەركات حزب دەست بخاتە ناو كاروبارەكانەوە و لەبری حكوومەت كار بكات و بڕیاری بدات، ئابووری و جووڵەی بازاڕ لەو ناوچەیە سست دەبێت و پەكی دەكەوێت، چونكە حكوومەت دەتوانێت جووڵە دروست بكات و بازاڕ ببوژێنێتەوە نەك حزب، ئەمە لە هەموو دنیا بەو شێوەیە كە حزب بەرژەوەندیی خۆی هەیە و حكوومەت ئامانجی گشتی هەیە، ئەو دوو شتە تەواو جیاوازن و پێچەوانەش كار دەكەنە سەر هەر ناوچەیەك.

پێوەست بەو بابەتە دڵشاد عەزیز، رۆشنبیر و هاووڵاتییەكی سلێمانی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، خەڵكی هەرێمی كوردستان زۆرباش دەیانناسن و دەزانن ئەوانە كێن و چین و ئامانجیان چییە؟، كە تەنیا خەریكی خۆدەوڵەمەندكردن و بەرژەوەندیی حزبین، ئەمانە ئەگەر وازیان لێ بهێنرێت هەرچی خەڵك هەیە دەیكەن بە قوربانی بەرژەوەندییەكی بچووكی حزبی.

دووپاتی كردەوە، ئێستەش كەسیان بە دەستەوە نەماوە و هەڵبژاردن بێتە پێشەوە تووشی سزایەك دەبنەوە لە لایەن جەماوەر و كادر و ئەندامانی یەكێتی خۆشیان بڕوا بەوە نەكەن، یەكێتییان بەو یەكێتییەی ئێستە گەیاند، یەكێتیی نوێ هۆكاری هەموو شتێكە كە روو دەدات چ بۆ كوردستان و چ لەسەر ئاستی حزب.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت