سبەی یەكەمین ساڵوەگەڕیی هێرشەكەی بزووتنەوەی حەماسە بۆ سەر ئیسرائیل، لە میانەی پێشبینیكردن بۆ وەڵامدانەوەی هێرشە مووشەكییەكەی دوایی ئێران، شارەزایان پێشبینییان كرد لە دەوروبەری 7ی ئەم مانگە ئیسرائیل هێرش بكاتە سەر ئێران، راوێژكارێكی پێشووی سەربازی پێی وایە بەم نزیكانە ئیسرائیل گورزێك لە ئێران و گرووپە چەكدارەكانی دەوەشێنێت.
سەفا ئەعسەم، راوێژكاری پێشووی سەربازی دەڵێت، هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە ئیسرائیل هێرش دەكاتە سەر گرووپە چەكدارەكانی عێراق، بۆیە ئێستە زانیاریی هەواڵگری لەبارەی ئەوانەوە كۆ دەكاتەوە، بەپێی زانیارییەكان ژمارەیەك فڕۆكەی نەناسراو بە ئاسمانی عێراق دەسووڕێنەوە و گەیشتوونەتە سنوورەكانی ئێران و سووریاش، ئەوەش دووپاتی دەكاتەوە كە بەم نزیكانە ئیسرائیل هێرش دەكاتە سەر ئەو گرووپانەوە.
سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گوتی، ئەوەش نیوچە دووپاتكراوەیە كە ئیسرائیل دەیەوێ گورزێكی گەورە لە ئێران و گرووپە چەكدارەكانی لە عێراق و ناوچەكە بوەشێنێت، ئەوەش بە هاوكاریی ئەمەریكا دەبێت و ئەو ئاسمانی عێراق بۆ هێرشەكە ئامادە دەكات بۆ ئەنجامدانی لە لایەن ئیسرائیلەوە.
لای خۆیەوە د. حەیدەر تەمیمی، توێژەر دەڵێت، عێراق هەڕەشەی كردنەئامانجی راستەوخۆی عێراقی كردووە، لە رووی پێكهاتەی دانیشتووانەوە عێراق و لبنان زۆر جیاوازیان نییە و بەشێكی زۆری چوونەتە بەرەی بەرگریكاریی كە ئێران رابەرایەتیی دەكات، ئێستە ژمارەیەك گرووپ چەكداری عێراقی لەو بەریە كار دەكەن، ئەوەش نیگەرانی دروست كردووە كە 25%ی خەڵكی عێراق هەژارن، بۆیە هەر شەڕێكی نوێ باج و كاریگەریی گەورەی لەسەر عێراق دەبێت.