كۆمەڵێك گەنج كە لەلایەن "نەوەی نوێ"وە بە "خۆبەخشانی نەوەی نوێ" دەناسران لە هەولێر هاتنە ریزی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەركەوت لە ماوەی رابردوودا لەلایەن نەوەی نوێوە ئاڕاستە كراون مانگانە بەرانبەر 15 هەزار دینار كۆمێنتی ناشیرن بۆ كاندیدانی پارتی بكەن و جنێو بدەن.
ئەمڕۆ یەكشەم شەشی ئۆكتۆبەری 2024، وەك لەلایەن دەزگاى سەتەلایتی كوردستانەوە بڵاو كراوەتەوە، تیایدا كۆمەڵێك گەنج لەگەڵ ئاری نانەكەلی بەرپرسی لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە وەستاون، هاتنە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و لە بەرانبەریشدا وازیان لە جووڵانەوەی نەوەی نوێ هێناوە.
وەك دەردەكەوێ، یەكێك لە گەنجەكان قسە دەكات و دەڵێ، نەوەێ نوێ كۆمەڵێگ گەنجی خەڵەتاندووە و ئاڕاستەی كردوون كە بەرانبەر 15 هەزار دینار سووكایەتی بە كاندیدانی پارتی بكەن و قسەی ناشیرینیان بۆ بنووسن و لە كۆمێنت بۆیان دانێن یا پۆستیان لەبارەوە بكەن.
گەنجێکیان دەڵێ، چەندان جار داوای ئەوەم لێ كراوە كە پۆست بكەم یا كۆمێنت بنووسم بە قسەی ناشیرین یا جنێو، بەڵام رەتم كردووەتەوە، چونكە لای من ئەوە عەیبە و رێگەپێدراو نییە.
ئەوەیشی ئاشكرا كرد، ئەو گەنجانەی نەوەێ نوێ كە ناویان لێنراوە "خۆبەخش" لەلایەن جووڵانەوەكە گرووپێكیان هەیە و كە پۆستێك دەكرێت بۆ گرووپەكە دەنێردرێت و دەڵێن لە كۆمێنت دەست بە قسەی ناشیرین بكەن بەرانبەریان. ئاماژەیشی دا، بۆمان دەركەوتووە كە نەوەی نوێ ئەو فریشتەیە نییە كە متمانەی پێ بكەین.