هۆكاری دەركەوتنی پەڵە و خاڵی سووری سەر پێست چییە؟

:: PM:10:32:07/10/2024 ‌

پێست بەهۆی ئەوەی لەشی مرۆڤ دادەپۆشێت و راستەوخۆ بەر دەوروبەری مرۆڤ دەكەوێت لە گەرمی و سەرما و رووناكی و تیشكی خۆر و مادە كیمیایی و هۆكارەكانی نەخۆشی و هیتریش، بۆیە ئەگەری تووشبوونی بە چەندان جۆر حاڵەتی نەخۆشی و ئاسایی هەیە، لەوانە دەركەوتنی پەڵە یان خاڵی سوور لەسەر پێست.

بە گشتی نابێت دەركەوتنی پەڵە و خاڵ و زیادەی گۆشت یان گۆڕانی رەنگی پێست فەرامۆش بكرێن، سەبارەت بەو خاڵە سوورانەی لەسەر پێستی چەند شوێنێكی مرۆڤ بەدیار دەكەون، وەك سك و سینگ و پشت و باسك و قاچەكان، پزیشكان خەڵك دڵنیا دەكەنەوە كە پێویست بە ترس و نیگەرانی ناكات، بەڵام پێویستە دوور لە راوێژی پزیشكی و لە ماڵەوە هەوڵی لادانیان نەدرێت، چونكە لە هەندێك حاڵەتدا پێویست بە پزیشك دەكات.

د. جیسی چیونگ، پزیشكی پسپۆڕی پێست ئاماژە دەكات، ئەو خاڵە بچووك و سوورانەی سەر پێست دیاردەیەكی ئاساییە و دەكرێ لەسەر هەر شوێنێكی پێست دروست ببن، بەڵام زیاتر لەسەر پێستی سینگ و سك و پشت و باسك و پێ دەردەكەون، دەكرێ ئەگەر بریندار بكرێن خوێنیان لێ بێت، بەڵام زیانیان نییە.

د. هادلی كینگ، پزیشكێكی تری پسپۆڕی پێست سەبارەت بە هۆكاری دروستبوونی ئەو خاڵە سوورانە دەڵێت، تا ئێستە هۆكاری وردی دروستبوونیان دیار نییە، بەڵام هۆكاری بۆماوەیی هەیە وا دەكات هەندێك كەس تووشی ببن.

ئەو خاڵە سوورانە لە رووی قەبارەوە جیاوازن، هەندێكیان بە ئازارن و بەرز بوونەتەوە لە سەر پێست یان خورانیان هەیە و رەنگیان لە نێوان پەمەیی بۆ سوورە، هەیانە بە هۆكاری هەستیاری و وەڵامدانەوەی هەوكردن دروست دەبێت، یان پێوەدانی مێرووەكان و هۆكاری ترشی هەیە، لە هەندێك حاڵەتدا دەركەوتنی پەڵەی سووری پێست مەترسیدارە و پێوەستە بە چەند نەخۆشییەكی مەترسیدارەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل