قسە لەگەڵ كۆپییەكی خۆت لە تەمەنی 60 ساڵیدا بكە

:: PM:06:21:08/10/2024 ‌

زۆر جار مرۆڤ لە هەڵوێست و بڕیارەكانی پەشمانە و دەیەوێ تەمەن و كات بۆ دواوە بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی هەڵەیەكی نەكردیابە یان بەو رێگەیە نەرۆیشتبایە، بەڵام بێ هوودەیە و تەمەن و كات ناگەڕێنەوە، ئێستە سیستمێك داهێنراوە بە ناوی "Future You"، بەكارهێنەر دەتوانێت قسەی ئاسایی لەگەڵ گۆپییەكی گریمانكراوی خۆی لە تەمەنی 60 ساڵیدا بكات و راوێژی پێ بكات.

بێنە بەر چاوت ئەگەر بتوانیت لەبارەی چەندان بڕیاری گرنگی ژیانتەوە راوێژ بە كۆپییەكی خاوەن ئەزموونی خۆت بكەیت، ئەو خواستە لە سایەی زیرەكی دەستكردەوە تەنیا خەیاڵ نەما و بووە راستی، كاتێك توێژەران لە زانكۆی ماساچۆستس بۆ تەكنۆلۆجیا و چەند دامەزراوەیەكی تر، سیستمێكیان بە ناوی "Future You "، داهێنا بەكارهێنەر دەتوانێت لە رێگەیەوە قسە لەگەڵ كۆپییەكەی خۆی لە تەمەنی 60 ساڵیدا بكات.

مەبەست لەو سیستمە یارمەتیدانی گەنجانە بۆ باشكردنی هەستیان بە بەردەوامبوون لەگەڵ خۆیان لە داهاتوودا، واتە وابەستبوون بە خۆد لە داهاتوودا، كە رەنگە ئەوەش بە شێوەیەكی ئەرێنی كار لە چۆنیەتی وەرگرتنی بڕیاری گرنگ و درێژخایەن لە ژیانیان بكات، هەر لە پلاندانان تا گەیشتن بە جێبەجێكردن و سەركەوتنی ئەكادیمی و پیشەیی.

سیستمەكە پشت بەو زانیارییانەوە دەبەستێت كە بەكارهێنەر بە سیستمەكەی دەدات، لەوانە شتە گرنگەكان و ئامانج و مەبەست و یادەوەرییەكانی، ئەوەش بۆ دروستكردنی كۆپییەكی گریمانكراو لە خۆی لە تەمەنی 60 ساڵی لە لایەن سیستمەكەوە، دوای ئەوە بەكارهێنەر دەتوانێت قسە و راوێژی لەگەڵدا بكات و پرسیاری لەبارەی ژیانی داهاتووی خۆی لێ بكات، واتە رۆڵی رێنیشانەدەر و رێنوێنیكار دەبینێت و بۆچوونی زیرەكانە و بە ئەزموونی خۆی دەخاتە بەردەستی بەكارهێنەر كە كۆپییەكی خۆیەتی.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل