كەشوهەوا دەگۆڕێت و خۆتان بۆ سەرما ئامادە بكەن

:: PM:10:30:16/10/2024 ‌

كەشناسێك ئاماژە دەكات كە خەریكە عێراق دەچێتە ناو كەشوهەوای ساردی زستانە و لە چەند رۆژی داهاتوودا پلەكانی گەرما نزم دەبنەوە و پێویست بەوە دەكات خەڵك جلوبەرگی زستانە بپۆشێت.

عەلی جابر زیادی، كەشناس دەڵێت، پێشبینی دەكرێت لە هەینی داهاتووەوە بچینە ناو كوشەوایەكی ساردەوە و پلەكانی گەرما، بەتایبەتی لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و باكور و ناوەڕاست زۆر داببەزن و بگەنە ئاستی سییەكان.

روونی كردەوە، لە رۆژی دووشەمی داهاتووەوە 21ی تشرینی یەكەم دابەزینی پلەی گەرما زیاتر دەبێت، واتە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو و پلەی گەرما دەگاتە ئاستێكی نزم تا ناوەڕاست و كۆتایی بیستەكان، ئەو كەشوهەوایە باشووریش دەگرێتەوە و رەنگە پێویست بكات شەوانە یان بەیانی زوو سۆپا دابگیرسێت، بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان و باكور و رۆژئاوای عێراق و جلوبەرگی زستانە لەبەر بكرێت. 

سەبارەت بە بارانیش زیادی دووپاتی كردەوە، پێشبینی هەیە سبەی پێنجشەم لە بەرزاییەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە شاخاوییەكان بارانی پچڕپچڕ ببارێت، بارانی بەخوڕیش دەكەوێتە كۆتایی ئەم مانگە، بەتایبەتی لە 25ی تشرینی یەكەم لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەبارێت، لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی داهاتووش هەر باران دەبێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل