بە بۆچوونی زۆرینەی كەشناس و دەزگەكانی كەشناسی ئەمساڵ وەرزی سەرما زوو دەستی پێ كرد، كەشناسێك ئاماژە دەكات كە زستانی عێراق زوو هاتووە بە شێوەیەك 50 ساڵە وا نەبووە، یەكێكی تریش دەڵێت لە شەمووەوە دەبێتە باران.
عەلی جابر زیادی، كەشناس دەڵێت، لە ماوەی ئەم چەند رۆژەدا كەشوهەوایەكی سارد دەبێت بەتایبەتی شەوان، كاتێك 50 ساڵە لەو كاتانە ئەو سەرمایە نەبووە، لە بەرەبەیانی شەمووی داهاتووشەوە نزمەپاڵەپەستۆیەكی باراناوی، بەتایبەتی لە باشوور دروست دەبێت و بارانی بەخوڕی پێوەیە و لە 30ی ئەم مانگە لە ناوچەكانی تریش دەبارێت.
لای خۆیەوە واسق سەلامی، كەشناس پێشبینی دەكات لە شەمووی داهاتووەوە كەشوهەوایەكی بارانی باڵ بەسەر ناوچەكەدا بكێشێت و بارانی بەخوڕ و هەورەبرووسكە دەبێت، لە كۆتایی هەفتەكەش و دوای ئەوەش عێراق و توركیا دەگرێتەوە، ئەوەش بەهۆی هاتنی دوو نزمە پاڵەپەستۆی دواییەك.
سەبارەت بە پلەكانی گەرما لە چەند رۆژی داهاتوو لە زۆرینەی ناوچەكان لە خوار 30 پلەی سەتی دەبێت، لە هەفتەی داهاتوو پلەی گەرما سێ پلە بەرز دەبێتەوە، بەڵام شەوانە سارد دەبێت، بەگشتی لە كۆتایی ئەم مانگەوە تا كۆتایی سێیەكی مانگی داهاتوو باران دەبێت.