بیكاسۆی بچووك.. ئەو منداڵەی بە تابلۆكانی دنیای سەرسام كردووە

:: AM:10:10:28/10/2024 ‌
لاورنت شڤارتز ئەو منداڵەیە كە بە پێشاندانی تابلۆ شێوەكارییەكانی لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، تەواوی دنیای سەرسام كردووە و ئێستە وەك ئەستێرەیەك لەو بوارە هەژمار دەكرێت و پێی دەڵێن "بیكاسۆی بچووك".

پێگەی "شەفەق نیوز" كە هەواڵێكی لەبارەی ئەو منداڵە شۆكهێنەرە بڵاو كردووەتەوە، ئاماژەی داوە كە لاورنت شڤارتز كە ئەڵمانییە و ئێستە تەمەنی تەنیا سێ ساڵە، كەچی ئەو تابلۆیانەی دروستیان دەكات، بەجۆرێكن لەگەڵ تەمەنە بچووكەكەی ناگونجێت، ئەویش بەوەی ئاستی تابلۆكانی، لە ئاستی تابلۆی هونەرمەندە گەورەكاندایە.

باس لەوە كراوە كە دایكی شڤارتز بۆ شوێنی كاركردنی منداڵەكەی، لەناو ماڵەكەی خۆیان لە نیوبیورن لە باڤاریا جێگەی بۆ كردووەتەوە و كەرەستەكانی وێنەكێشانی بۆ دەستەبەر كردووە، وەك پەڕەمووچ و تابلۆی دارین و قوماش و رەنگە زەیتییەكان، منداڵەكەیش زۆربەی كاتەكانی بە وێنەكێشان بەسەر دەبات.

دایكی ئەو منداڵە كە ناوی "لیزا"یە و بۆ میدیاكان گوتوویەتی، ماوەی ساڵێكە هەستمان بە بەهرەی هونەریی شڤارتز كرد، بۆیە تەواوی كەرەستەكانی شێوەكاریمان بۆ دەستەبەر كرد، كاتێك دەبینین توانایەكی لە رادەبەری لە وێنەكێشان هەیە، بۆیە لاپەڕەیەكمان لە ئیسنتەگرام بۆ دانا و لەو رێگەیەوە تابلۆكانی پێشانی بینەرەكانی دەدا.

ئەوەشی گوت كە لە ماوەی چوار هەفتەدا بینەرەكانی لە ئیسنتەگرام گەیشتنە 10 هەزار كەس كە زۆر بە تابلۆكانی شڤارتز سەرسام بوون، هەر ئەوانیش ناوی "بیكاسۆی بچووك"یان لێ نا. وای لێ هات داوای كڕینی تابلۆكانیان لێ دەكرد، تا ئێستە هەزاران یۆرۆی لە رێگەی تابلۆكانیەوە دەست كەوتووە و بینەرەكانیشی گەیشتوونەتە 90 هەزار كەس.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د