ئێستە ئینستاگرام نزیكی یەك ملیار كەس لە جیهاندا بەكاری دەهینێت و خەریكە جێ بە خاوەنماڵ لەق دەكات كە فەیسبووكە، ئەمە جیا لەوەی كەسایەتییە ناودارەكانی بوارە هونەری و وەرزشییەكان، ئینستاگرام پێش هەموو پلاتفۆرمەكانی تر دەخەن، ئەمەش وای كردووە هێندەی تر جەماوەری بەرز ببێتەوە، بۆیە پێویستە باشتر ئاگەداری بیت.
تایبەتمەندیی ئینستاگرام لەوەدایە، وێنە پێش هەموو شتێكە و پۆست و ستۆرییەكان بە وێنەویە، ئەگەر بتەوێ ئەم وێنانەت تایبەت بن تەنیا بە هاوڕێكانت و دەست هەموو كەس نەكەوێت، پێویستە جۆری هەژمارەكەت لە گشتییەوە بۆ تایبەت بگۆڕیت. هەژماری گشتی، واتە هەموو كەس دەیبینێت چیت پۆست كردووە، هەموو كەس فۆڵۆكانت دەبینن و هەموو كەسیش دەتوانن كۆمێنتەكانت بخوێننەوە، بەڵام كاتێ دەیكەیت بە تایبەت، تەنیا ئەوانە دەتوانن كارەكانت ببینن كە خۆت پێشتر قەبووڵت كردن، ئەمەش دەرفەتێكی باشە بۆ ئەوەی هەژمارەكەت پارێزراو بێت.
لە ناو ئینستاگرامەكەتدا، بچۆرە سەر لاپەڕەی خۆت، لە تەنیشتی ڕاستی سەرەوە سێ خەتی ستوونی لەسەر یەك هەیە، كلیكی بكە، لەوێدا بەشێكی تێدایە كە پێت دەڵێت كێ دەتوانێت بابەتەكانت ببینێت، ئینجا لەوێ تایبەتمەندیی جۆری هەژمارەكەت دیاری دەكەیت، ئەگەر كردت بە هەماری كەسی، ئەوە لەمەوپاش تەنیا هاوڕێكانت پۆستەكانت دەبینن.