ئەو ژنەی چەند جارێك لە بازگەكانی هەرێمی كوردستان ڤیدیۆی تۆمار دەكرد و لە واڵەكەی خۆی بڵاوی دەكردەوە، لە یەكێك لە گرتووخانەكانی بەغدا گیانی لە دەست دا.
سەرچاوەیەك بە "وشە"ی راگەیاند، شایان عةلي ئەو ژنەی چەند جارێك ڤیدیۆی بڵاوبووەوە كە لە بازگەكان لەگەڵ كارمەندان تووشی دەمەقاڵی دەبوو، دوێنێ ئێوارە لە یەكێك لە گرتووخانەكانی بەغدا گیانی لە دەست داوە.
بەپێی بەدواداچوونی "وشە" شایان كێشەیەكی كۆمەڵایەتی لەگەڵ ماڵی هاوسەرەكەیدا هەبووە و ماوەی چەند ساڵێكە منداڵەكەیان لێ زەوت كردووە و رێگەی بینینیشیان نەداوە، بۆیە شایان بەهۆی هەڵچوونەكانیەوە پەلاماری پۆلیس و بازگەكانی دەدا.
شایان هەڵگری رەگەزنامەی ئەمەریكییە و لەسەر هەڕەشەكانی لە كارمەندانی بازگەكان، سكاڵای لەسەر تۆمار كرا و دواتر گیرا و لە بەغدا لە گرتووخانە بووە. گیان لەدەستدانیشی بەهۆی نەخۆشی و هەڵچوونەكانیەوە بووە و بڕیارە تەرمەكەی بگەڕێنرێتەوە كەركووك و بەخاك بسپێرێت.
بەپێی بەدواداچوونێكی "وشە"، شایان لە فەیسبووكی خۆی چەندان جار باسی لەوە كردووە كە بۆچی وا تووڕە دەبێتـ و هەموو تووڕەبوونەكانیشی بۆ ئەوە گێڕاوەتەوە كە منداڵەكەیان لێ سەندووەتەوە، تەنانەت رێگەی بینینیشی نادەن و یاساش هیچ رێزێكی ناگرێت و پۆلیسیش مامەڵەیەكی ئینسانییانەی لەگەڵ ناكەن.
شایان لە پۆستەكانیدا بەنیگەرانییەوە باسی لە عێراق كردووە و باسی لەوە كردووە كە هیچ مافێكی ئەوەی بۆ دەستەبەر نەكراوە منداڵەكەی ببینێت.
شایان دوای ئەوەی بەسەفەرێك دەگەڕێتەوە بۆ نیشتمان، یەكەم شت كە بەرانبەری كرابوو وەك لە واڵی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك ئاماژەی پێ دابوو، منداڵەكەی بە زۆر لێ سەنرابوو و ڕێگەی بینینیشیان پێ نەدەدا، شایانیش ڕێگەی دادگای گرتبووەبەر و تەنانەت بە خێرایی كارتی نیشتمانی دەرهێنا تا بتوانێت وەك هاووڵاتییەكی عێراقی بەدوای كەیسەكەیدا بچێت.
بەپێی بەدواداچوونی "وشە" بە ئەگەری زۆرەوە دادگا منداڵەكەی بە شایان نەدابوو، چونكە شایان ڕۆژ بەڕۆژ لە دووریی منداڵەكەی دۆخی دەروونی خراپتر دەبوو، هەڵسوكەوتی نامۆی دەكرد سۆشیال میدیاش لە ژیانی شایاندا ڕۆڵێكی نەرێنی خراپی دەگێڕا، تا دواجار بەهۆی تووڕەبوون و ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ دادوەر و پارێزەرانی دادگا، شایان كێشەكانی گەورەتر بوو، سكاڵای دادگای لەسەر بەرز كرایەوە لە كەركووك زیندانی كرا و گوازرایەوە بۆ بەغدا دواتریش گیانی لە دەست دا.
لە ساڵی 2002 پۆستەكانی ئەو ژنە لە فیسبووك هەمووی هیوا و گەڕاندنەوەی منداڵەكەی بوو بۆ لای خۆی، بەڵام نە دادگا و نە یاسا و نە پۆلیس و نە بنەماڵەكەی نەیانتوانی بەو ئاواتەی بگەیەننەوە، بەو خەمەوە سەری نایەوە.