دوای ئەوەی یەكێتی لە بەغدا نزار ئامێدی لە پۆستی وەزیری ژینگە كشاندەوە تا پۆستێكی حزبی بداتێ، كەسێكی نوێی بۆ ئەو پۆستە دیاری كرد.
ئەمڕۆ هەینی، یەكی تشرینی دووەم، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەڵۆ عەسكەری دەستنیشان كرد تا ببێتە وەزیری ژینگەی عێراق و نووسراویشی لەسەر كراوە و بریارە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بخرێتە دەنگدانەوە.
هەڵۆ عەسكەری ئەزموونی لەو بوارەدا هەیە و پێشتر سەرۆكی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان بووە.
هەینیی ڕابردوو، نزار ئامێدی، وەزیری ژینگە لە حكوومەتی عێراق كابینەی محەمەد شیاع سوودانی، دەستی لە كار كشاندەوە، ئەمەش واتە پێش تەواوبوونی ماوەی كابینەكە بە ساڵێك، بۆ ئەوەی ببێتە لێپرسراوی مەكتەبی سیاسیی حزبەكە لە بەغدا.