كەشوهەوایەكی تەواو ناجێگیر رووی لە چەند ناوچەیەكی عێراق كردووە، لە هەندێك ناوچە لافاو دروست بووە و زیانی مایەكی لە چەند ناوچەیەك هەیە، لە كەركووك لە دوو ناوچە دوو شوان لەگەڵ دەیان مەڕوماڵاتیان بەهۆی دروستبوونی لافاو لە ئەنجامی بارانێكی زۆرەوە بەئاودا چوون و خنكان.
سەرچاویەك لە پۆلیسی كەركووك دووپاتی كردەوە كە كچەشوانێكی تەمەنی 27 ساڵ لە گوندی توێرییە سەر بەشارەدێی عەباسی لە شارۆكەی حەویجە /55 كیلۆمەتر لە باشووری كەركووك/، لەگەڵ مەروماڵاتەكەی ئاو بردوویەتی بەرەو رووباری زابی بچووك و تا ئێستە چارەنووسی دیار نییە.
زیاتر گوتی، شواتێكی تر لە نزیك گوندی غەرەیب، ئەویش لافاو خۆی و مەڕوماڵاتەكەی بەرەو رووبارەكە راماڵیوە و خنكاون.
لای خۆیەوە مازن خوزاعی، قایمقامی مەندەلی بە وەكالەت رای گەیاند كە لە بەیانییەوە لافاو لە شەش دۆڵی سنوورەكانی رۆژهەڵاتی عێراق لە ئێرانەوە روویان لە مەندەلی قەزانییە و گوندەكانی نزیك لە سنوور كردووە، دۆخەكە 72 سەعات بەوشێوە بەردەوام دەبێت، كە ئەگەری باران بۆ24 سەعاتی داهاتوو هەیە.
لای خۆیەوە سادق عەتیە، كەشناس لە پۆستێك نووسیویەتی، ئێستە هەوری باراناوی و هەورەبرووسكە لە هەرێمی كوردستان و باكور و لە ئاسمانی رۆئاواش كۆ دەبنەوە، بۆیە ئەگەری باران و برووسكەیەكی زۆر لەو ناوچانە هەیە، رێنوێنی دەكەین بە گەشتنەكردن بۆ دەرەوەی شار بەهۆی ئەگەری دروستبوونی لافاوەوە.