ئه‌مه‌ریكا بۆ ئێران: ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ هێرش بكه‌ن ئیسرائیلیمان بۆ ناگیرێت

:: AM:10:18:03/11/2024 ‌
به‌رپرسێكی گه‌وره‌ی ئه‌مه‌ریكا كه‌ قسه‌ی بۆ پێگه‌ی "والا"ی ئیسرائیلی كردووه‌، واشنتن به‌ روونی ئه‌و په‌یامه‌ی بۆ ئێران ناردووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر ئیسرائیل، ئێمه‌ ناتوانین ده‌ستی ئیسرائیل له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ بگرین.

پێگه‌ی "ئیلاف" ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م سێی تشرینی دووه‌م بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، به‌پێی گوته‌ی به‌رپرسه‌ گه‌ره‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه‌ پێگه‌كه‌ ناوی نه‌هێناوه‌، ئه‌مه‌ریكا له‌ رێگه‌ی  سویسراوه‌ ئه‌و په‌یامه‌ی بۆ ئێران ناردووه‌ و به‌ روونی پێ گوتووه‌، وریا بێو  هێرش نه‌كاته‌ سه‌ر ئیسرائیل، چونكه‌ جارێكی تر ناتوانین پاڵه‌په‌ستۆ بكه‌ینه‌ سه‌ر ئیسرائیل بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی توند.

ماوه‌یه‌كی زۆره‌ سویسرا ئه‌و وڵاته‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا و ئێران له‌ رێگه‌یه‌وه‌ په‌یامی فه‌رمی بۆ یه‌كتر ده‌نێرن، ئه‌م په‌یامه‌ی ئه‌مه‌ریكایش بۆ ئێران كه‌ هۆشداریی رژدی پێ داوه‌ هێرش نه‌كاته‌ سه‌ر ئیسرائیل، هه‌ر له‌ رێگه‌ی سویسراوه‌ بووه‌.

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌رپرسێكی ئیسرائیلیش رای گه‌یاندووه‌، دروست وایه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا هۆشداریی روونی به‌ ئێران داوه‌ كه‌ وریا بێ و هێرش نه‌كاته‌ سه‌ر ئیسرائیل، بۆ ئه‌وه‌یش نێرده‌ی ئێران له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاماده‌ نه‌بوو هیچ له‌باره‌ی ئه‌و هۆشدارییه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ وڵاته‌كه‌ی بڵێت.

كارین بان بییر گوته‌بێژ به‌ناوی كۆشكی سپیی ئه‌مه‌ریكا هه‌ینیی رابردوو دووپاتی كرده‌وه‌، پێویسته‌ ئێران خۆی له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئیسرائیل ببوێرێ، چونكه‌ ئه‌مجاره‌ نازانرێ وه‌ڵامی ئیسرائیل چی ده‌بێت، ئه‌و له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌ رژدی پاڵپشتی له‌ ئیسرائیل ده‌كات.

ئێران له‌ یه‌كی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ، له‌ تۆڵه‌ی كوژرانی ئیسماعیل هه‌نییه‌ سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسیی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ تاران و حه‌سه‌ن نه‌سروڵا سه‌رۆكی حزبوڵای لبنان له‌ به‌یرووت له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌، به‌ ئاراسته‌كردنی 200 مووشه‌كی بالیستیكی، هێرشی كرده‌ سه‌ر ئیسرائیل، ئیسرائیلیش ئه‌وكات بڕیاری هێرشی بۆ سه‌ر ئێران دا و ئه‌وه‌بوو به‌ره‌به‌یانیی زووی 26ی ئه‌م مانگه‌، هێرشی كرده‌ سه‌ر ئێران و پارێزگاكانی ئیلام و خووزستان و تارانی كرده‌ ئامانج و زیانی به‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئێران گه‌یاند.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د