نوێترین زانیاری له‌باره‌ی ئه‌و خوێندكاره‌ كچه‌ی له‌ زانكۆیه‌كی تاران خۆی رووت كرده‌وه‌

:: AM:10:23:03/11/2024 ‌
ئێواره‌ی دوێنێ شه‌موو له‌ زانكۆی زانست و لێكۆڵینه‌وه‌كانی تاران، وه‌ك ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌رانبه‌ر به‌ كارمه‌ندانی به‌شی ''حه‌راسه‌ت'' یان به‌سیجی زانكۆكه‌، كچێك به‌ رووتی هاته‌ حه‌وشه‌ی زانكۆ له‌ كاتێكدا ته‌نیا جلكی ژێره‌وه‌ی له‌به‌ردایه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری به‌دواوه‌ بوو.

وێنه‌ و ڤیدیۆكانی ئه‌و دیمه‌نه‌ و هه‌ڵوێسته‌ به‌ خێرایی له‌ ناو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو بووه‌وه‌ و هه‌ڵوێست و قسه‌وباسی جیاواز و جۆراوجۆری به‌دواوه‌ بوو.

به‌پێی گرته‌ ڤیدیۆكان، كچه‌كه‌ زۆر ئارام و له‌سه‌رخۆ دیاره‌ و له‌ حه‌وشه‌ی زانكۆكه‌ داده‌نیشێت و پاشان به‌ هێمنی پیاسه‌ ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ شتێك رووی نه‌دابێت، ژماره‌یه‌ك له‌ كوڕان و كچانی زانكۆكه‌ به‌و رووداوه‌ سه‌رسامن، چونكه‌ پێشتر رووداو و هه‌ڵوێستی هاوشێوه‌یان نه‌بینیوه‌.

دوای ماوه‌یه‌ك ئۆتۆمبێلێك له‌ جۆری پراید كه‌ هێزه‌كانی به‌سیج و پۆلیسن، به‌شێوه‌یه‌كی توندوتیژ و زۆره‌ملێ كچه‌كه‌ سواری ئۆتۆمبێله‌كه‌ ده‌كه‌ن و بۆ شوێنێكی نادیار ده‌یگوازنه‌وه‌.

به‌پێی دواین به‌ڵگه‌نامه‌كان كه‌ كه‌ناڵێكی تیلیگرامی به‌ ناوی ئه‌میر كه‌بیر بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و كچه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی به‌سیجی زانكۆكه‌ ئازار دراوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌چكه‌كه‌ی زۆر توند نه‌به‌ستووه‌ و دیاره‌ شه‌ڕیان بووه‌ و جله‌كانی دڕاون، بۆیه‌ش وه‌ك هه‌ڵوێستێك به‌رانبه‌ر ئه‌و ره‌فتاره‌ی به‌سیج، جله‌كانی داكه‌ندووه‌ و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕیوه‌.

به‌رپرسانی زانكۆكه‌ ره‌تیان كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و كچه‌ له‌گه‌ڵ به‌سیج تووشی ده‌مه‌قاڵه‌ بووبێت و ئاماژه‌ی داوه‌ كه‌ له‌ رووی ده‌روونییه‌وه‌ ئه‌و كچه‌ كێشه‌ی هه‌بووه‌، بۆ ناوه‌ندێكی چاره‌سه‌ریی ده‌روونی گواستراوه‌ته‌وه‌.

هه‌ندێك زانیاریی تر كه‌ به‌رپرسانی زانكۆ خستوویانه‌ته‌ روو، باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و كچه‌ وێنه‌ی پۆله‌كانی گرتووه‌، وا دیاره‌ مامۆستایان به‌رانبه‌ر كچه‌كه‌ ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕیوه‌ و به‌شی به‌سیجیان لێی ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ی كچه‌كه‌ كه‌ هێشتا دیار نییه‌ ناوی چییه‌، له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌رایه‌كی زۆری لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌ و به‌شێك له‌ هاووڵاتییان، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی كچه‌كه‌یان به‌ هه‌ڵوێستێكی قاره‌مانانه‌ دژی باڵاپۆشی زۆره‌ملێ هه‌ژمار كردووه‌ و پێیان وایه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌و كچه‌ كردی په‌یامێكی زۆر به‌هێز بوو دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران كه‌ ناتوانێت هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی خۆیان حه‌زیان لێیه‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یدا بسه‌پێنن.

هه‌ر له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتی نووسیویانه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و كچه‌ كردی، درێژه‌ی هه‌مان ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌یه‌ كه‌ كچان له‌ شه‌قامه‌كان دژی باڵاپۆشی زۆره‌ملێ كردیان، له‌ ناوه‌ندی شه‌قامه‌كان له‌چكه‌كانیان بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌رانبه‌ر ژینا ئه‌مینی سووتاند.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ لایه‌نگرانی رژێمی كۆماری ئیسلامیش، په‌لاماری بزووتنه‌وه‌ی ''ژن، ژیان، ئازادی''یان داوه‌ و هه‌وڵیان داوه‌ بچووكی بكه‌نه‌وه‌ و نووسیویانه‌، بنه‌مای ئه‌و شۆڕشه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵك خۆیان رووت بكه‌نه‌وه‌.

ژماره‌یه‌ك له‌ هاووڵاتییان پێیان وایه‌ هه‌ڵوێستی ئه‌و كچه‌ خوێندكاره‌، زۆر سیمبولیكه‌ و شایانی ئه‌وه‌یه‌ له‌ داهاتوودا له‌ تاران په‌یكه‌رێكی بۆ دروست بكرێت، چونكه‌ ئه‌و به‌ ته‌نیا رووبه‌ڕووی كۆی ئایدۆلۆجیای سه‌پاوی كۆماری ئیسلامی بووه‌وه‌.

پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌و راستییه‌ بكرێت له‌ دوای سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی ''ژن، ژیان، ئازادی''ه‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌یلوولی 2022 دوای كوژرانی ژینا ئه‌مینی له‌ تاران سه‌ری هه‌ڵدا، دۆخی ئێران كه‌وتووه‌ته‌ قۆناغێكی جیاوازه‌وه‌، له‌ ته‌واوی شاره‌كانی ئێران چیتر نه‌پۆشینی له‌چك بڤه‌ نییه‌ و پاشه‌كشه‌یه‌كی زۆر به‌ كۆماری ئیسلامی كرا، له‌ دوو ساڵی رابردوودا كۆماری ئیسلامی به‌ په‌سندكردنی هه‌ندێك یاسا و رێسا هه‌وڵی داوه‌ دۆخه‌كه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ پێش بزووتنه‌وه‌كه‌، به‌ڵام بۆی ناكرێت و نه‌ك پێی ناگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵكو له‌مه‌ودوا كۆماری ئیسلامی ده‌بێت به‌وه‌ مه‌منوون بێت كه‌ كچان ته‌نیا له‌چكه‌كانیان له‌سه‌ر نه‌نێن.



وشە - سلێمان تاشان