ئیسرائیل هەڕەشەی لێدان لە میلیشیاكانی عێراق دەكات

:: PM:01:38:03/11/2024 ‌
لە كاتێكدا ئێران هەڕەشە لە هێرشكردن بۆ سەر ئیسرائیل دەكات و ئەمەریكا و ئیسرائیلیش ئامادەكارییان بۆ بەرگریكردن لەو هێرشە كردووە، ئیسرائیل ئەمڕۆ بە روونی راگەیاند كە ئەگەر میلیشیاكانی عێراق بەردەوام بن لە هێرشەكانیان، دەبنە ئامانجی هێرشەكانی ئیسرائیل.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم سێی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، راپۆرتێك لە رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" بڵاو بووەتەوە كە دوو بەرپرسی ئیسرائیلی قسەیان بۆ كردووە، ئاماژەیان داوە كە تەلئەبیب چەند ئامانجێكی دەستنیشان كردووە كە هەندێكیان عێراقی و ئەوانی تر سەربە میلیشیاكانن لە عێراق بۆردمانیان بكات، ئەوە ئەگەر میلیشیاكان بەردەوام بن لە هێرشكردنە سەر ئیسرائیل.

بەرپرسە ئیسرائیلییەكان كە ناویان ئاشكرا نەكراوە گوتوویانە، لە رێگەی مانگە دەستكردەكانەوە ئەوەمان دەستنیشان كردووە كە ئێران مووشەكی بالیستیكی بۆ عێراق دەگوازێتەوە، ئەوە لە كاتێكدایە كە ئەو وڵاتە دەیەوێ بەرانبەر هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هێرشبكەنە سەر ئیسرائیل.

ئاماژە بەوەش دراوە، بۆ ئەو مەبەستە هۆشداریی بە حكوومەتی عێراق دراوە كە كۆنترۆڵی میلیشیاكان بكات و رێگە نەدات خاكەكەی بەكار بێنن بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل، ئەگەر نا ئیسرائیل لە لێدانیان دوودڵ نابێت.

ماوەیەكە لە عێراقەوە بەردەوام بە مووشەك ك درۆن هێرش دەكرێتە سەر ئیسرائیل، دۆخەكە بەجۆرێكە رۆژانە ئەو هێرشانە دووبارە دەبنەوە، تەنانەت لە هەفتەی رابردوو لە ماوەی 24 سەعاتدا هەشت هێرش لە عێراقەوە كراوەتە سەر ئیسرائیل، بەڵام ئەمەریكا و هاوپەیمانان هێرشەكانیان پووچەڵ كردووەتەوە.

‎ مقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق كە لە چەند گرووپێكی میلیشیایی شیعەی سەربە ئێران پێكهاتوون، لەوەتەی جەنگی غەزە دەستی پێ كردووە، بەناوی پاڵپشتیكردن لە گەلی فەلەستین و بزووتنەوەی حەماس، بە مووشەك و درۆن هێرش دەكەنە سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەكەنە ئامانجی هێرشەكانیان، بەرانبەر بەوەیش چەند جارێك ئەمەریكا هێرشی كردووەتە سەریان و زیانی پێ گەیاندوون، بەڵام تا ئێستە مقاوەمە لە هێرشەكانی بەردەوامە.

ئێران لە یەكی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، لە تۆڵەی كوژرانی ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران و حەسەن نەسروڵا سەرۆكی حزبوڵای لبنان لە بەیرووت لەلایەن ئیسرائیلەوە، بە ئاراستەكردنی 200 مووشەكی بالیستیكی، هێرشی كردە سەر ئیسرائیل، ئیسرائیلیش ئەوكات بڕیاری هێرشی بۆ سەر ئێران دا و ئەوەبوو بەرەبەیانیی زووی 26ی ئەم مانگە، هێرشی كردە سەر ئێران و پارێزگاكانی ئیلام و خووزستان و تارانی كردە ئامانج و زیانی بە بنكە سەربازییەكانی ئێران گەیاند.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د