دوێنێ ئێوارەی هەینی سەرۆكی هەڵبژێراوی ئەمەریكا، پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراقدا ئەنجام دا، لە پێوەندییەكەدا ترەمپ بەگرنگییەوە لە پێوەندییەكانی هەردوو وڵاتی روانیوە، راگەیاندنەكانیش دەڵێن، ئەمەریكا چاوی لەوەیە عێراق جێنەهێڵێت بۆ ئێران.
لەگەڵ هاتنەوەی ترەمپ، زۆرینەی سەركردەی وڵاتان هەوڵ دەدەن پێوەندیی پێوە بكەن تا بتوانن باشترین پێوەندی لەگەڵ ئەمەریكای سەردەمی ترەمپ دروست بكەنەوە.
عێراقیش بەیەكێك لەو وڵاتانە دێتە هەژمار بەگرنگی دەزانێت پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا ڕژد بن، بەڵام گرووپ و میلیشیای جیاوازی ناو عێراق زۆرینەی جار رێگرن لە پێوەندیی ئەو دوو وڵاتە و هەوڵی دەركردنی ئەمەریكا دەدەن لە عێراق.
جۆرناڵ ئاكادیمی لەمبارەیەوە راپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێـت، ترەمپ بۆی گرنگە پێوەندیی باشی لەگەڵا عێراق هەبێت، تا ئەو وڵاتە بۆ ئێران جێنەهێڵێت و ئێران بەكەیفی خۆی تەراتێنی تیدا بكات.
بەپێی راپۆرتی جۆرناڵ، ترەمپ لەگەڵ سوودانی باسی لەوە كردووە رۆژانی داهاتوو زیاتر لەمبارەیەوە قسە دەكەن و بۆ ئەمەریكا گرنگە عێراق دوور بێت لە ئێران.
بەڵام بەپێی رۆژنامەكە بێت، ئێران لە هەموو جومگە گرنگەكانی عێراقدا پێگەی هەیە و سێبەرێكی گەورەیە بەسەر دەسەڵاتی عێراقەوە، سەرۆك وەزیران ناتوانێت لەو سێبەرە دەربچێت.
نووسینگەی میدیایی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕای گەیاند: سوودانی پیرۆزبایی بردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا لە دۆناڵد ترەمپ كرد، هەردوولا خواستی پێشخستنی هاوبەشی ستراتیجیی نێوان هەردوو وڵاتیان دووپات كردەوە، لە ڕێگەی هاریكاریی نزیك لە بوارەكانی ئابووری، دارایی، وزە و تەكنەلۆجیا.
لە پێوەندییە تەلەفۆنییەكەدا سوودانی ئاماژەی بەوە كردووە كە ئاگاداری گوتار و بەڵێنەكانی ترەمپ بوو لە میانەی بانگەشەی هەڵبژاردن، كە دووپاتی لەسەر كۆتاهێنان بە جەنگی ناوچەكە دەكرد، هەردوولا ڕێككەوتن لەسەر هاوئاهەنگیی زیاتر لە پێناو ئەو ئامانجەدا.
هاوكات دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، ویستی خۆی بۆ كاركردن بەشێوەیەكی ئەرێنی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق دەربڕی، لەم پێناوەش هیواخوازە بە زووترین كات دیدارێك ببەستن لە پێناو فراوانكردنی پێوەندییەكانی عێراق و ئەمەریكا و كاركردن لەسەر پرسە هاوبەشەكانی نێوانیان.