هاوسەرۆكی دەم پارتی دادگایی دەكرێت و باخچەلیش قسەی لەگەڵ ئەحمەد تورك كرد

:: PM:12:00:09/11/2024 ‌
وەزارەتی ناوخۆی توركیا، ڕێكاری یاسایی لە دژی تونجەر باكرهان هاوسەرۆكی دەم پارتی (DEM) دەستی پێ كردووە.

وەزارەتی ناوخۆی توركیا لە بەیاننامەیەكدا ڕای گەیاند، بەهۆی لێدوانەكانی لەبارەی قەیومەكان، رێكاری یاسایی لە دژی "تونجەر باكرهان" هاوسەرۆكی دەم پارتی و محەمەد مەهدی تونچ سەرۆكی لقی ماردینی هەمان حزب گرتووەتەبەر، بەڵام وەزارەتەكە باسی ناوەڕۆكی ڕێكارە یاساییەكەی نەكردووە.

تونجەر باكرهان لە دژی دانانی قەیوم بۆ شارەوانییەكانی مێردین و ئیلهـ و خەلەفتی، ڕای گەیاندبوو كە ئەوان بۆ نەهێشتنی قەیومەكان، دادگای تایبەتی خۆیان دادەمەزرێنن و قەیومەكان لە كوردستان وەدەر دەنێن.

توركیا لە ڕێكەوتی چواری ئەم مانگەدا، بە تۆمەتی ئەندامیەتی سەرۆك شارەوانییەكانی مێردین، باتمان و خەلەفتی لە پەكەكە لەكار لابران و قەیوم لە شوێنیان داناوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە CEGA Media بڵاوی كردوونەتەوە، دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە، هەفتەیەك پێش ئەوەی قەیوم بۆ شارەوانی مێردین دەستنیشان بكرێت، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئەحمەد تورك سەرۆكی گەورە شارەوانیی مێردین كردووە و لە میانی پێوەندییەكەدا، باخچەلی سەرەتا پرسیاری لەبارەی ڕەوشی تەندروستی ئەحمەد تورك كردووە و دواتر گفتوگۆیەكی كورتیان پێكەوە كردووە.

دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە لە كۆبوونەوەی دوێنێی پارتەكەیدا، باسی لە ئەحمەد تورك كرد كە بۆ سێیەم جارە پاش دەنگهێنانەوە لە هەڵبژاردنەكاندا، لەكار لادەدرێت و قەیوم لە شوێنەكەی دادەنرێت. باخچەلی گوتی: ئەحمەد تورك كێشەی تەندروستی هەیە و لە بنەماڵەیەكی بەڕێز و لە ئاغاكانی كوردە، جەهەپە ئیستغلالی دەكات. 



وشە - سۆران عەزیز