دادگای ئیداری چاو بە پرسی پێكهێنانی حكوومەتی كەركووك دەخشێنێتەوە

:: PM:05:04:09/11/2024 ‌

حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراق رای گەیاند كە دادگای ئیداری لە 24ی ئەم مانگە چاو بە دۆسیەی دانیشتنەكەی پێكهێنانی حكوومەتی ناوخۆی كەركووك لە هوتێل رەشیدی بەغدا دەخشێنێتەوە،  كاتێك داواكە لە دادگای فیدرڵی كشێنراویەوە بۆ رێگرتن لە تێكەڵبوونی رێوشوێنەكان لەگەڵ ئەوەی دادگای ئیداری.

تۆران روونی كردەوە، داوای كشاندنەوەی داواكەی سەر سازكردنی دانیشتنەكی بەغدامان لای دادگای فیدراڵی سەبارەت بە پێكهێنانی حكوومەتی ناوخۆیی كەركووك لە كۆبوونەوەكەی بەغدا كردووە، ئەوەش بۆ رێگرتن لە تێكەڵبوونی رێوشوێنەكانی هەردوو دادگا، كە بڕیارە دادگای ئیداری لە 24ی ئەم مانگە چاو بەو دۆسیە بخشێنێت، ئاشكرای كرد كە پێڕەوی ناوخۆیی دادگای فیدراڵی رێگە بە دووبارە پێشكەشكردنەوەی داواكەی لە هەر كاتێك هەیە.  

بڕیار بوو دادگای ئیداری لە 22ی تشرینی یەكەمی رابردوو چاو بەو داوایە بخشێنێت، بەڵام بۆ چاوخشاندن بە هەرسێ داوای هەر حەوت ئەندامی ناڕازیی پارتی دیموكراتی كوردستان و عەرەب و بەرەی توركمانی، تاوتوێكردنی سكاڵاكانی بۆ شەشی ئەم مانگە دواخست، بەڵام دانیشتنەكە ساز نەكرا، ئەمە و بڕیارە لە 24ی ئەم مانگە بێتە سازكردن.

شایەنی باسە لە 10ی ئابی ئەمساڵ فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێنج ئەندام، بە هاوكاری سێ ئەندامی عەرەب و ئەندامێكی فراكسیۆنی بابلیوون لە هوتێل رەشیدی بەغدا دوور لە سازان و فراكسیۆنەكانی پارتی و عەرەب و توركمان، كۆبوونەوە و پۆستەكانی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا و حكوومەتی ناوخۆیی كەركووكیان دیاری كرد، ئەوەش ناڕەزایەتی سێ فراكسیۆنەكەی لێ كەوتەوە و سكاڵایان لە دادگای فیدراڵی و دادگای ئیداری تۆمار كردووە و تا ئێستەش لە بایكۆتكردنی دانیشتنەكانی ئەنجوومەنەكە بەردەوامن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل