دوای بردنەوەی دۆناڵد ترەمپ و گەیشتنەوەی بە كۆشكی سپی، چاودێران بۆ دۆخی هەرێمی كوردستان ئاماژە دەكەن كە ئەگەری زۆرە لە سەردەمی ترەمپدا پێوەندیی هەرێم و ئەمەریكا بەرەو باشتر بچێت، بەتایبەتی پاشخانی ئابوورییانە و بوێرییەكەی وا دەكەن دۆخی ناوخۆیی هەرێم جێگیر و بەهێز بێت و لە كاریگەرییە دەرەكییەكانی دوور بخاتەوە.
لە دوای راپەڕینی بەهاری 1991 و رووخانی رژێمی پێشووی عێراق لە 2003، پێوەندیی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا باش بوو، بەتایبەتی لە دوای هێرشەكانی داعش لە 2014، ئەمەریكا و رۆژئاوا وەك هاوپەیمانێك سەیری هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كردووە، بۆیە بەشێك لە چاودێران پێشبینی دەكەن ئەمەریكا لە سەردەمی ترەمپ بەهێزتر بێتە ناو هەوڵەكانی چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی بەغدا و هەولێر و بابەتی شەڕی تیرۆریش.
وەفا محەمەد، شارەزای سیاسی پێی وایە ترەمپ بەوە ناسراوە لە بڕیاردان و مامەڵەكردن لەگەڵ زۆرێك لە پرسەكان بوێرانەیە، بۆیە پێشبینی دەكەین پێوەندییەكانی هەرێم و ئەمەریكا لە داهاتوو بەهێزتر دەبێت.
چاودێرانی كورد پێیان وایە پاشخانی ئابوورییانەی ترەمپ یارمەتی ئەو دەدات بۆ دیاریكردنی رێگەیەكی گونجاو بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و مسۆگەریی دروستبوونی دۆخێكی لەبارەی ئابوورییانەی لە عێراق و هەرێم كاریگەریی وڵاتانی دراوسێی بەسەرەوە نەبێت.
كارۆخ خۆشناو، سەرۆكی پەیمانگەی توێژینەوەكانی ئەمەریكی- كوردی ئاماژەی كرد، لە دوای 2003ەوە ئەمەریكا چەندان ترلیۆن دۆلاری لە عێراق خەرج كردووە و زیاتر لە پێنج هەزار سەربازیشی لێرە كوژراوە، بۆیە ئەو بە هۆكاری جیۆسیاسییەوە دەستبەرداری عێراق نابێت.
روونی كردەوە، ترەمپ لە پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و هەوڵی جێبەجێكردنی سیاسەتی وەستانی دەستوەردانی ئێران لە كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمی كوردستان دەدات، ئەوە لەوكاتەی حكوومەتەكانی ئەمەریكا پارێزگارییان لە پێوەندییەكی باش و جێگیر لەگەڵ حكوومەتی هەرێم و هێزە سیاسییەكانی كرد و هەوڵی نەهێشتنی ناكۆكییە سیاسییەكانی هەرێمیان داوە.