پۆلیتیكۆ: ترەمپ بەدوای سەپاندنی ئەوپەڕی گوشارە لەسەر تاران

:: PM:11:06:09/11/2024 ‌

لە دوای تەنیا چەند رۆژێك لە بردنەوەی ترەمپ و هاتنەوەی بۆ كۆشكی سپی، قسە و باسی سزا توندەكانی سەر ئێران ئەویش گەڕایەوە، كاتێك كەسانی نزیك لەو باسی ئەوە دەكەن كە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار لەسەر ئێران دەست پێ دەكاتەوە، كە لەگەڵ دۆخی جیۆسیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگونجێت.

وەك چوار بەرپرسی ئیدارەی پێشووی ترەمپ و نزیك لە هەڵمەتی ئەمساڵی هەڵبژاردن بە رۆژنامەی "پۆلیتیكۆ"ی ئەمەریكییان یان گوت، تیمی ترەمپ تاوتوێی چەند پلانێك دەكەن بۆ سەپاندنی ژمارەیەك سزای توندی ئابووری بەسەر تاران بۆ دابڕین و گەمارۆدانی، سیاسەتەكانی لە یەكەم ماوەی سەرۆكایەتیی ترەمپ، ئەوە نیشان دەدات لە دووەم ماوەی سەرۆكایەتی چی چاوەڕوانی ئێران دەكات.

یەكێك لەو بەرپرسانە دەڵێت، هەر لە یەكەم رۆژدا توندكردنی سزا ئابوورییەكانی سەر ئێران كاری لەپێشینەی ترەمپ دەبێت، ئەوەش بە مەبەستی راستكردنەوەی هەڵەكانی جۆ بایدن، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە ئێستە تیمی كاتیی ترەمپ تاوتوێی چەند پلانێك دەكەن بۆ سەپاندنی سزای زۆر توند بەسەر ئێران، لەوانە بڕینی هەناردەی نەوتی و زیادكردنی پاڵپشتی بۆ ئیسرائیل.

بەپێی كەسانی نزیك لە سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا، ترەمپ بەنیازە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار زیندوو بكاتەوە، كە بریتییە لە دابڕینی ئێران و توندكردنی گوشاری ئابووری لەسەری، جیا لە هێشتنەوەی گوشاری سەربازی لەسەری بۆ بەرپەرچدانەوەی.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل