به‌رێوه‌به‌ری سامانی ئاژه‌ڵ له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ "وشه"دا تیشك ده‌خاته سه‌ر چه‌ند پرسێكی تایبه‌ت به ئاژه‌ڵ و گۆشت، ئه‌و باس له‌وه ده‌كات، به‌هۆی بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت، ئه‌مساڵ نرخی گۆشت به‌راورد به ساڵی رابردوو زۆر دابه‌زیووه، بڕیاره‌كانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت نه‌بوونایه نرخی گۆشت زۆر زیاتر به‌رز ده‌بووه‌وه.
ئه‌مساڵ به‌راورد به ساڵی پار نرخی گۆشت و زینده‌قه‌پان چۆنه؟
ئه‌مساڵ زۆر باشتره، نرخی گۆشت و زینده‌قه‌پانیش دابه‌زیوون، به‌راورده‌كه زۆره، ساڵی رابردوو نرخی گۆشتی زینده‌قه‌پان بۆ هه‌موو جۆره‌كانی ئاژه‌ڵ گران بوو، گرانبوونه‌كه‌ش به جۆرێك بوو كه‌سانێك نه‌یانده‌توانی گۆشت بكڕن، به‌ڵام به‌و رێكارانه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت گرتییه‌به‌ر، نرخی گۆشت به‌شێوه‌یه‌كی باش دابه‌زینی تۆمار كرد.
جیاوازییه‌كان له‌گه‌ڵ ساڵی رابردوو بۆ گۆشت و زینده‌قه‌پان چه‌نده؟
ساڵی رابردوو یه‌ك كیلۆ زینده‌قه‌پانی گۆلك گه‌یشته حه‌وت هه‌زار و 500 دینار، گۆشته‌كه‌ی له بازاڕدا گه‌یشته 19 هه‌زار دینار، به‌ڵام ئه‌مساڵ ئه‌م كاته كه قسه‌ی تێدا ده‌كه‌ین، نرخی یه‌ك كیلۆ گۆلك به زینده‌قه‌پان پێنج هه‌زار و 500 دیناره، له بازاڕ گۆشته‌كه‌ی به 16 هه‌زاره، له كاتێكدا ئێمه داماننابوو نرخی گۆشتی گۆلك له بازاڕ بۆ 14 هه‌زار دینار دابه‌زێت، پێویسته لیژنه‌كانی قایمقامیه‌ت و چاودێریی بازاڕ ئاگاداری نرخه‌كان بن و به‌دواداچوون بكه‌ن.
بڕیاره‌كانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌خێرایی جێبه‌جێ كران؟
ئه‌وكات نرخی گۆشت گه‌یشته 24 هه‌زار دینار، كه سه‌رۆكی حكوومه‌ت بڕیاره‌كانی ده‌ركرد كه خۆی له لابردنی باج له‌سه‌ر ئاژه‌ڵی هاورده ده‌بینییه‌وه له‌گه‌ڵ ئاسانكاریی بۆ بازرگانان بۆ هاورده‌كردنی ئاژه‌ڵ، ده‌ستبه‌جێ له مه‌رزه‌كانه‌وه ئه‌و بڕیاره جێبه‌جێ كرا، چونكه نرخی گۆشت رۆژ به رۆژ به‌رز ده‌بووه‌وە و هۆكاره‌كه‌ش ناوخۆ نه‌بوو، به‌ڵكو پێوه‌ندی به ده‌ره‌وه هه‌بوو، ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕیارانه نه‌بوونایه نرخی یەک گیلۆ گۆشت به‌ره‌و 30 هه‌زار ده‌ڕۆشت.
جگه له گۆلك، نرخی ئاژه‌ڵه‌كانی تر بۆ زینده‌قه‌پان هه‌رزان بووه؟
هه‌موویان هه‌رزان بوونە به‌راورد به ساڵی رابردوو، پار نرخی یه‌ك كیلۆ كاوڕ و به‌رخ بۆ زینده‌قه‌پان گه‌یشته 11 هه‌زار دینار، ئه‌مساڵ له حه‌وت هه‌زار و 500 دیناره، پار كه گران بوو نرخی یه‌ك كیلۆ گۆشتیان 24 هه‌زار بوو، ئێستە 19 هه‌زار دیناره.
هه‌موو ساڵێك له مانگی 12 نرخی زینده‌قه‌پان و ئالیك و كار گران ده‌بێت، ئه‌مساڵ پێشبینی چییه؟
ئه‌مساڵ ئه‌گه‌ر گرانیش بێت به‌و جۆره نابێت، هه‌ركات نرخی ئالیك و كا له بازاڕ گران بوون، له‌وه‌ڕیش له‌و چه‌ند مانگه نامێنێ، ئه‌وه واده‌كات نرخی زینده‌قه‌پانیش گران بێت، به‌ڵام ئه‌مساڵ پێشبینی ناكه‌ین نرخه‌كه گران بێت و كاریگه‌ریی هه‌بێت.
ئاژه‌ڵی ناوخۆ به‌شی پێویستیی ناوخۆ ده‌كات؟
نا، ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ی له ناوخۆ هه‌یه له %55ی پێویستیی ناوخۆ پڕ ده‌كاته‌وه، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێویستیی ناوخۆ په‌نا بۆ هاورده ده‌بەین، له %45 پشت به هاورده‌كردنی ئاژه‌ڵ ده‌به‌ستین، چونكه هه‌رێمی كوردستان ساڵانه پێویستی به نزیكه‌ی 90 هه‌زار تۆن گۆشتی سوور هه‌یه.
ئه‌و ئاژه‌ڵانه كه هاورده ده‌كرێن مه‌ترسیی نه‌خۆشییان له‌سه‌ر نییه له‌و وڵاتانه‌ی كه نه‌خۆشی هه‌یه؟
ئه‌و ئاژه‌ڵانه له‌و وڵاتانه هاورده ده‌كه‌ین كه له لایه‌ن رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی پشتڕاست كراونه‌ته‌وه و نه‌خۆشی تیایدا بڵاو نییه، جگه له‌وه‌ش، پێش هاورده‌كردنیان 21 رۆژ ده‌بێت كه‌ره‌نتینه بكرێن، هه‌روه‌ها، ده‌بێت كاتێك دێنه مه‌رزه‌كانی هه‌رێم له‌وێش سێ رۆژ كه‌ره‌نتینه بكرێن، نابێت هیچ جۆره نه‌خۆشییه‌كیان هه‌بێت، ئه‌وكات رێگه ده‌درێت هاورده بكرێن.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی